چی وایکردوە خەڵک بەشکستەکانتان دڵخۆشبێت؟

رۆژ لە دوای رۆژ خەڵک بەپێچەوانەی رابردوو کە بۆسەرکەوتنتان دڵخۆش دەبوو، ئێستا بە دۆڕان و شکستان دڵخۆش و ئاسودەیە، هێشتا زۆرتان لەخەوی غەفڵەتی مەستی سامان و دەسەڵاتدان و پێتان وایە دروشمی رابردوو کاریگەری ماوە لەسەر خەڵک، بەڵام خەڵک لە خەوی غەفڵەت و مەستی ناسیۆنالیزمی درۆینەی کوردایەتی هۆشیار بۆتەوە. ئێستا لەوە تێگەیشت کوردایەتی درۆینە بۆ تە سەبەتەی کۆکردنەوەی دۆلار بۆتان و ماڵ وێرانی و دەردەسەری بۆ خۆیان.

ئەگەر رۆژانە تەماشای تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەن تێدەگەن، چەند لێتان پەستوتوڕەیە! چەند ئازار دەچێژن بەدەست ئێوەی دەسەڵاتدار، کەڕۆژگارێک بە درووشمی گڕداری ئێوە ئامادەبون لەپێناوتاندا سەروماڵیان بکەنە قوربانی ئێوە، کەسەدان ماڵ بێ سڵەمینەوە سەرو ماڵی لە پێناوی ئێوەدا بەختکرد. ژیانی خۆیان خستە ناڕحەتی، ئەوان دەبینن ئێوە لە مەلەزاتی ژیاندا نوقم بوون و ئەوانیش لە پێناوی مووچەیەکی هاتو نەهاتد لەچاوەڕێن، ئێستا زۆر جار دەبین و دەبیستین لە داخی ئێوەدا، بەشان و بەڵی دووژمنیان هەڵدەدەن و بەپیاوتری دەزانن لە ئێوە!

کارەسات لەو خاڵەدایە مرۆڤ بگاتە ئەو ئاستەی دووژمنی خوێنی پێ لە دۆست و کەسو کاری باشتربێت، تۆزێک بیر لەم خاڵە بکەنەوە، بهێننە پێشچاوی خۆتان دەبێت ئەم ڕقە چەند گەورەبێت لەبەرامبەرتان، خەڵک بگاتە ئەو ئاستەی ئاخ بۆ جەلادێکی دووژمنی وەک سەدام حسین بخوازێت لە داخی ئێوە! ئاخر ئێوە چیتان کردووە؟ خەڵک چی لە ئێوە دەوێت؟ سەدام چی لێکردوون و ئێوە چیتان لێکردوون؟ بەراوردی بکەن تۆزێک لەگەڵ دەروونی خۆتان بدووێن لە مەستی ڕابردوو وەرنە دەرەوە.

لەماوەی ئەم دوو مانگەدا خەڵک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخ لەدڵانە بەرامبەرتان وەستایەوە، دوو نمونەی زەق کە لەم دوومانگەدا رویاندا، بوەجێگای خۆشحاڵی خەڵک.

یەکەمیان:  بڕیار دادگای فیدڕاڵی لەمەڕ نەوت و غازی کوردستان، بڕیارە کە هەرجۆرێک بووبێت، بەلای  خەڵکەوە گرنگ نەبوو، بەڵکوو ئەوەی بەلای خەڵکەوە گرنگ بوو، سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی کوردستان بوو لەمەڕ فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم بەرهەرزانی بەوڵاتان لەبەرامبەر قازانجی شەخسی و حیزبیدا، چونکە فرۆشتن و دەرهێنانی نەبۆتە بار سووکی بۆخەڵکی کوردستان بەڵکو بۆتە بارێکی قورس لەسەرشانی خەڵک، لەلایەک بۆتەهۆی نەدانی مافی خەڵک و فەوتانی دەیان مووچەیان لەپێناو  فرۆشتنی نەوت بەناوی ئابوری سەربەخۆ ئەوەی بەسەر هێناون بەلایەک، بەلایەکیتر مەسلەی دەرهێنانی نەوت و غازی سرووشتی،  لە  هەموو جیهاندا لەووڵاتەی سووتەمەنی بەرهەم دەهێنێت، دەبێتە سەرچاوەی خێر و هەرزانی بۆ خەڵکەکەی جگە لەوڵاتە ستەمکار و دکتاتۆرەکان نەبێت، لێرە لەوەشدا بۆ خەڵک بۆتە بارێکی گران، هەر لەناو یەک دەوڵاتداین یەک لیتر بەنزین لە سنوری حوکمی بەغدا بە ٤٥٠ دینارە، کەچی لەهەرێم بەسەرووی ١٠٠٠ دینارە. بەچەندین ساڵ بەرمیلێک نەوت نابینێت خەڵک و لەبازاڕی ڕەشیش گرانترە لەهەمووجیهان، ناوەناوە لەپێناوی گرانکردنی نرخی غازی ماڵن قەیران درووست دەکەن،  ئیتر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەرچیبێت خەڵکی هەرێم پێی دڵحۆش بوو، چونکە دەزانێت نەوت نەبۆتە سەرچاوەی خزمەت بەڵکو بۆتە سەرچاوەی نەهامەتی. دەرد و بەڵاو و چەوسانەوە.

دووەمیان/ مووشەکبارانکردنی هەولێر خەڵکی جارێکیتر دڵخۆشکرد بەوەی دەسەڵاتی هەرێم کەوتۆتەبەردەم هەڕەشەی لەناوچونیان و دەبێتەهۆی لەکۆڵ بوونەوەیان.

ئاخر بۆچی دەبێت دەسەڵاتی هەرێم ئەوەندە بێ باک و خەمساردبێت لە ئاستی داوای خەڵک و خەڵکیش ناچار بەوە بکات لەکۆڵیان ببنەوە، میللەت دووژمنی پێباشتربێت لە ئێوە؟ بۆیە پێویستە وەڵام لەخەڵک وەربگرنەوە.

پەندێک هەیە دەڵێت: (( ئەوەی چاڵ بۆ  کەسێک هەڵکەنێت خۆی تێدەکەوێت.)) بەدرێژای مێژووی حوکمڕانیتان لەڕێگای درووشمی گڕداری خەڵکتان جۆشداوە خەڵکیش سەروماڵی خۆی دەکردە قەڵغان بۆتان، ئەم درووشمانەی فڕێتاندەدان لە پێناوی ئەو جیهانە بچوکەدا بوو کە خەریکی درووست کردنی بوون بۆخۆتان، خەڵکتان وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان بەکار دەهێنا، گاڵتەتان بەهەست و نەستی خەڵک دەکرد، چێژتان لە داماوی خەڵک وەردەگرت کاتێک مافەکانتان زەوتدەکردن، بەڵام ئەمڕۆ کاتێک ئێوە لەشکستدان، دووژمن خوێنخۆرەی گەل خەریکە سەردەکەوێت بەسەرتاندا، داهاتی زۆر و زەوەندی دەست بە سەرداگیراوی میللەتان لە ژێر دەست دەردەهێنرێت و بێدەسەڵات و زەلیل دەبن لەژێردەستیدا، درووشمەکانتان لەبری گڕ جگە لە دووکەڵ هیچتر ناکات، لەمەوبەدوا کەس بەقسە بێکردارەکانتان باوڕناکات بەڵکو ئیتر خەڵک دڵخۆشە بەم شکستانەتان.

ئێوەی دەسەڵاتداری کوردی دەسەڵاتدارێکی کورتبین بوون لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، هەموو ئامانجە باڵاکانی نەتەوەتان لە دەوری ئامانجە بچوکەکانی حیزبدا بچووک کردۆتەوە، بەبەردەوامی بۆ خۆڵکردنە چاوی ئەندامەکانتان بەڵێنی قەبە و گەورەتان داوە، دواجاریش هیچی ڕاست دەرنەچووە. هەرچی ئێستا دەیکەن بۆ خزمەتکردنی خەڵک نییە، بەڵکو لەترسی خەڵکە، خزمەتکردن کاتێک سوودی دەبێت کاتێک خۆشەویستی خەڵکتان لەدەست نەدابوو. بەڵام ئێستا کاتێک پیرێک لەسڕەی خانەنشینی چەندڕۆژێک دەوەستێت تا ٢٠٠ هەزار دیناری پێدەدرێت و شۆڕگێڕێک کەماڵ و سامانی و کەسی لەپێناوی ئێوە کردۆتە قوربانی لەسڕەی بەنزین چەند سەعاتێک بۆتێکردنی چەندلترێک بەنزین دەوەستێت، ئیتر خۆشەویستی نیشتمان دەبێت بەپارە و بەنزین و نان و ئاو و ئازادی، سەرکردە پاڵەوانەکانیشی وەک دووژمن دەبینێت، کاتێک ڕۆژگارێک بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دژی ستەم جەنگاون بەیەکەوە، ئەمڕۆش ببینێ ستەمکارترین کەس هاوخەباتیبێت و نادادپەرور و نایەکسانیش بێت. ئەویش کێ ئامادەبێت ئەوانەی بۆ دابین بکات،  ئەو پارێزگاری لێدەکات و  نەفرەت لەو ڕابردوە دەکات کە ئەمڕۆی بۆ درووست کردووە.

ئەوەیە وایکردووە خۆشحاڵبێت خەڵکی هەرێم بەو شکستان بەرەوڕوتاندێن.

646 جار خوێندراوەتەوە