دوای سی و یەک ساڵ دەرەنجامەکانی راپەڕین چی بو؟

من باسی ڕاپەڕین و هەلومەرجی ئەوکاتەی ڕاپەڕین ناکەم کەخەڵک توانی دەسەڵاتی بەعسی فاشیست ڕاماڵێت، کاتی ئەوەیە باسی دەرەنجامەکانی سی و یەک ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کوردی بکەین، خەڵکی کوردستان حوکمی سەدامیان گۆڕی بەدەسەڵاتی کوردی.

لەگەڵ درووست کردنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، لەبری سوود لە ژێرخانی ئابوری هەرێم وەربگرن، سوود لەو پاشماوانە ببین کەحکومەتی عێراقی بەهۆی ڕاپەڕینەوە لەدوای بەجێماون، کەچی لەبری ئەوەی خزمەتی خەڵکی پێبکەن، ژێرخانی وێران بووی هەرێمی پێبنیات بنێنەوە،  کەوتنە ئاودیووکردنیان و فرۆشتنیان بەوڵاتانی دەورووبەری، ئەوە یەکەمین ئەزموونی شۆڕگێڕانی شاخ بوو لە حوکمڕانیدا.

دوای سی و یەک ساڵ دەسەڵاتی کوردی بەرهەم و دەستکەوتەکانی سەرەڕای شەهید بوونی هەزاران ڕۆڵەی کورد لەپێناوی هێنانەدی ئەو ئەزمونەی کە ئێستا تێیدا دەژین، پرۆسەی پەروەردە و خوێندن لەبری پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خوێندکار، لەسەر بنەمای  پەروەردەیەکی درووست تاکی کورد بەهێز بکەن و بەها پیرۆزەکان ڕێز لێبگرن،  پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن ڕیسواکرا، دەیان خوێندنگا و زانکۆی ئەهلی بەرهەمهێنا بۆ ئەوەی تێیدا قۆناغێکی نوێی چینایەتی لەنێوان خەڵکی هەژار و نەدار لەگەڵ چینی دەوڵەمەندا درووست بکەن، ئەو خوێندگایانەی کە زۆرینەی خەڵکی هەژار تێیدا دەخوێنرێت، ئەوەندە بێ ئەرزشکراوە وای لێکراوە خوێندکاری نەخوێندەواری تێدا دەربچێت.

یەکێکیتر لەدەسکەوتەکانی ڕاپەڕین لەبری گەشەپێدان و پێشخستنی  کەرتی تەندرووستی دوای سی و یەک ساڵ کەرتێکی وێرانی بێدەرمانە، کەتێیدا بەرپرسەکانی نەخۆشخانەی تایبەتیان هەیە و بازرگانی بەدەرمانی بەسەرچووە دەکەن، خۆشیان بۆچارەسەر ڕوو لەدەرەوە دەکەن و  دەرمانیشیان لەدەرەوە بۆ دەهێنرێت.  کەرتی گشتی تەندرووستی کەزۆرینەی خەڵکی ئاسایی ڕووی تێدەکات وێرانکراوە، بۆ نەشتەرگەریەکی ئاسایی خەڵک دەنێرن بۆ نەخۆشخانەی تایبەت، ئەوەیە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لەپاداشتی ڕاپەڕین.

هێشتا دەسەڵاتداران درووشمی ئاگرینی سەردەمی ڕاپەڕین دەڵێنەوە، لەکاتێکدا ڕاپەڕین بۆ ڕزگار بوون بوو لەستەم و چەوسانەوە، لەپەرتەوازەیی و دووبەرەکی و بنیاتنانی قەوارەیەکی بەهێز کەچی لەڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ ململانێ و دووبەرەکی بەرۆکی ئەم هەرێمەی بەرنەداوە، لەبێمتمنەیدا هێشتا حیزبەکان سامانی گەورەی نەتەوەیان کە پێشمەرگەیە بەسەرخۆیاندا دابەشکردووە و ڕێگرن لە یەکگرتنەوەی، گوێ لەهەری دۆست هەیە ناگرن بۆ یەکخستنەوە، بۆ ئەوەی بەهێزێکی پۆڵاین دژی داگیرکەران ببینەوە، بۆیە هێشتا گەلی کورد بەدوای ئازادیدا ڕادەکات، لەستەمی ئەودەسەڵاتەی ڕاپەڕینی بۆ کرد، لەکاتێکدا یادی سی و یەک ساڵەی ڕاپەڕین دەکەینەوە، زۆرینە خەڵکەکەی لەژێر هەڕەشەی برسێتیدایە و کەمینەیەکی کەم لەدەسەڵاتدار لەلەزەت و خۆشیدا دەژن.

ڕاپەڕین بۆ سەربەخۆی خاکی کوردستان و دەرهێنانی بوو لە دەستی دووژمنانی گەلەکەمان کەچی وڵاتانی داگیرکەر لەسەر خاکی باشوری کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ بنکە و بارەگای زیاتر دەکەنەوە. نیوەی زیاتری خاکی کوردستان دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لەژێر دەستی عێراقدا مایەوە، نەیانتوانی بەدەستی پارێزگاری لێبکەن.

یەکێکیتر لە بەرهەمەکانی ڕاپەرین لەسایەی دەسەڵاتی کوردی دا، بەرهەم هێنان و فرۆشتنی نەوت بوو، کەچی لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی خۆشی و بەختەوەری بۆ گەلی کورد ، بۆتە سەرچاوەی نەهامەتی و دەردەسەری گەورە بۆ خەڵکی کوردستان، لەکاتی نوسینی ئەم وتارەدا، هێشتا مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران نادراوە بەبیانوی نەبوونی پارە و چاولەدەستی بەغدان بۆ ئەو بڕەپارەیەی بنێرێت تاوەکو ووچەی پێبدەن، کەچی نەوت سەرووی ١٠٠ دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاندوە.  بەوەش ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران بدات. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نرخی سوتەمەنی لەسەر خەڵک گراندەکەن.

لەکاتێکدا یادی ڕاپەڕین دەکەینەوە، سەرۆکی حکومەت دێت و دەڵێت ئێمە سواڵ ناکەین، کەچی داوا لەخەڵکی کوردستان دەکات دژی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەڵوێست وەربگرن، لەکاتێکدا خەڵک لەبێمووچەیدا  هەراسان بووە، داهاتی نەوت زۆر زیادی کردووە و ئامادەنییە مووچەی فەرمابەران بدات، دەستی بەسەر داهاتی وڵاتدا گرتوە دەیەوێت لەخزمەت خۆیدا بەکاری بهێنێت.  بەم شێوەیە یادی ڕاپەڕین دەکەنەوە و پاداشتی سی و یەک ساڵی ڕابردووی گەلی کورد دەدەنەوە.

638 جار خوێندراوەتەوە