گەندەڵی وتیرۆریزم, دوانەیەکی جەرگبڕ

 ئەم دووانەیە، گەندەڵی و تیرۆریزم، لە هەرە قێزەوەنترین فۆرم و دەرهاویشتەکانی پەتایی گەندەڵییە. هەریەکەیان ئەوی دیکەی بەرهەم هێناوە و تەواوکەری یەکبوون. ئەم دوانەیە بە چەندان قۆناغی جیاجیادا تێپەریون تا لە رۆژی ئەمرۆدا بە تەواوی پرۆسەی سیاسی لە مۆڕاڵی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەتاڵ کردووە. بۆ پشتگیری قسەکانمان دواتر باس لە دوو نمونەی تەتبیقی دەکەین ئەویش ئەوەیە چۆن لە عێراق و سوریا، هەریەک لەو دوانەیە بۆ ئەوەی دیکە بەکارهات، واتە چۆن گەندەڵی یارمەتی تەشەنەکردنی تیرۆریدا و چۆن تیرۆریزم شەرعەیتی بە گەندەڵیدا. لە ژێر سێبەری ئەم دوانەیەدا، زەمینەیەکی سەخت ئامادەکرا بۆ شێواندنی مێژوو و شوناس و خود و ئایین و کەلتوور، بەشێوەیەک کە هاوڵاتی قێز لە بوونی رابردوو و ئێستا و ئاییندەی خۆی بکاتەوە.

 

پەیوەندی ئەم دوانەیە، خوڵقاندنی جۆرێک لە لاسایکردنەوە "محاکاة"ی ئەو رووداوە مێژوویانە بوو کە لە دونیا و رەوتێکی دیکەی دوور لە ئێستا بەرهەمهێنرابوون، زیندووکردنەوەی هەندێ لە لاپەرەکانی مێژوو بوو بۆ خزمەتی مەرامی سیاسی لە ئێستادا. دووانەی "گەندەڵی و تیرۆریزم"، کورتکردنەوەی سەردەمەکان بوو لەسەر بنەمای درۆ، سەردەمێکی پڕ خەسڵەتی دۆڕاوی میکافیلییانە کە شاڵاوی خوێنی بەرهەم هێنا. سەردەمێک کە هەموو شتێک و ئامرازێک بۆ فەراهەمکردنی مەرامی سیاسی بەکارهات و گونجێنرا و بە ڕەوا کرا، دواجار جگە لە شکست و قوربانییەکی زۆر و وێرانە و کاوڵبوون دەستکەوتی دیکەی نەبوو. مێژووی نێوان ئەم دووانەیە مێژوویەکی ئاڵۆزە و لەهەمان کاتدا مەنگە. مێژوویەکەی شاراوەیە، تەنانەت ئەکتەرەکانیش، ئەوانەی تاوانەکانیان ئەنجامدا وەک سێبەر دەردەکەون، جورئەتی ئەوەیان نەکرد ململانێکان بنووسنەوە، نەوەک رۆژێک بێت و دادگایی بکرێن. ئەم پەیوەندییەی نێوان "گەندەڵی و تیرۆریزم" تێکەڵەیەکە لە رەفتاری سیاسی ستەمکار و شەرانگێز و بوونی مەیلێکی بەردەوام بۆ خوێن رشتن و ئاشوب، کە دەڕوانیتە ئەو پەیوەندییە پەنهانە، سایکۆلۆجیەتێکی نەخۆش و نامۆ بە مرۆڤدۆستی بەدی دەکرێت کە خەمی سەرەکی پاوانکردنی هەموو پانتاییەکانی جوانیی بووە لە هەر بوارێکی ژیاندا بێت، هەر لە سیاسەتەوە تا دەگاتە هونەر و ئەدەب.. هتد لە سەرەتاوە، زۆر بە خێرایی، ئاماژە بە چۆنێتی تەشەنەکردنی ئەم میکانیزمە لە عێراقدا دەدەین کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر حوکمی بەعس لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوو بە کوشتنی نەیارەکان دەستی پێکرد، بەرلەوە فۆبیایەک لە ترس و لە تۆقاندن لە شار و شارۆچکەکان بڵاوکرایەوە، پارەیەکی زۆر تەرخانکرا بۆ کوشتنی نەیارە سیاسییەکان لە هەر شوێنێکی دونیابن، ئەوەی جێگای تێڕامانە زۆر لە دەوڵەتەکان بۆ پارەی نەوت کاریان بۆ حکومەتی بەعس کرد و لە ناوجەرگەی پایتەختە ناودارەکانی ئەوروپادا، بەعس دەستی بە ئاسانی دەگەیشتە ئەو کەسانەی کە هەڤاڵ و هاوڕیی دوێنی بوون، دواتر بوونە نەیار و دوژمن کە ململانێ لەسەر دەستەڵات و پارە لە یەکتری جیاکردنەوە، زۆربەشیان ئەوانەبوون کە لە دەزگا ئەمنییەکاندا کاریان دەکرد، یاخود سەربازی باڵا بوون. هەموویان ترسیان لە درکاندنی راستییەکانی ناوخۆیان هەبوو، راستی ئەو تاوانانەی کە پێکەوە کردبوویان، بەڵام کە گەیشتبوونە دوڕیانێکی دیکە، دەبوایە یەکتر " تەسفیە" بکەن، تۆماری تاوانەکان ژیانی هەموویانی خستبووە مەترسییەوە.

 

ئەو داراییە زەبەلاحەی لە دەستی بەعس دابوو فۆرمێکی نوێ و داهێنەرانەی لە پەیوەندی نێوان گەندەڵی و تیرۆریزمی سیاسی هێنایەکایەوە، ئەوان دەیانوسیت بە هەر وەسیلەیەک بێت لە دەستەڵاتدا بمێننەوە، سەردەمی بەعس، سەردەمی بە "ئەمن" کردنی دەوڵەت بوو، نەوەک بیناکردنی دەوڵەتی مەدەنی، دوور لە کاریگەری عەسکەر، کە لە سەرەتاکانی ئەدەبیاتی خۆیاندا بانگەشەیان بۆ دەکرد. لە راستیدا کە دەوڵەت دەبێتە یەک یەکەی ئەمنی، ئیتر دەست لە دەوڵەتداری و حکومڕانی رەشید بشۆ. "ئەمن" ئەرکێکی دەوڵەتداری ستراتیژی گرنگە، لەسەر ئاستی تیۆر، ئامانجی پاراستنی سەروماڵ و سەروەری دەوڵەتە، بەڵام ئەو کاتەی کە ئەندامانی دامەزراوەی ئەمنی بە خوێنی یەکتر تیونێتیان دەشكێت، ئەوکات نیشتمان و دەوڵەت دەکەونە سەرەتایی پوکانەوە. "ئەمن" بەشێکە لە دەوڵەت نەوەک هەموو دەوڵەت. ئەوەش ئەو هەڵە کوشندەیە بوو کە بەعس تێی کەوت. دواجار بووە دەوڵەتێکی دیکتاتۆر کە ترساندن و تۆقین کۆڵەکەی دامەزراوەکانی بوو. بەداخەوە، ئەم فۆرمە، هەمیشە لە عێراقدا زەمینەی هەیە و ئەگەری دووبارەبوونەی هەمیشە کراوەیە. هیوادارین ئەوە عیبرەت و دەرسێک بێت بۆ ئاییندە. پاش راماڵینی حکومی بەعس و لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و زیاد بوونی کەتن و تاوانی سیاسی و سەرباری جینۆساید و ئەنفال و هەموو تاوانەکانی دیکە، گەندەڵی و پارە و تیرۆریزمی سیاسی یارمەتی تەشەنەکردنی ململانێی تایفی داو، رێژەیەکی زۆر لە داهاتی نەوتی عێراق بۆ جەنگە ئیقلیمیەکان خەرجکرا، هەر بۆیە شارێکی گەورەی وەک بەسرە تا ئێستا شارەوانییەکی کاریگەری نییە شەقامەکان خاوێن بکاتەوە، لەبەرئەوەی ئەولەویەتی حکومەت لە دوو "دە"ی رابردوودا لە شوێنی دیکە بوو. عێراق لە پاش کەوتنی بەعس و لە نەبوونی دەوڵەتێکی بەهێز کە سەروەری بۆ وڵاتەکە بگەرێنێتەوە، بووە گۆڕەپانی بەکارهێنانی ئایین لە ململانێ سیاسییەکاندا تا ئەو رادەیەی کە ئایین بووە پاساوێکی ئاشکرا بۆ بەشەرعەیتکردنی تیرۆریزم و گەندەڵی. بۆرسە و بنکە داراییەکانی عێراق بە ئاشکرا بۆ تیرۆریزمی سیاسی بەکار هات. "سکاندڵی سەدە" باشترین نموونە بوو. سکاندڵی سەدە راشکراوترین نموونە بوو بۆ بەکارهێنانی دارایی دەوڵەت بۆ مەرامی سیاسی گروپە سیاسییەکان و مانەوە لەسەر نەخشەی هێز و دەستەڵات، لەم سکاندڵەوە فۆرمێکی دیکە لە دوانەی "گەندەڵی و تیرۆریزم" هاتە ئاراوە ئەویش بەکارهێنانی بۆرسە داراییە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکان بوو بۆ ئەم مەبەستە. قسەیەک بۆ مێژوو: خەسڵەتی سیاسی هەموو پارت و میلیشیاکان لە ژێر چەتری حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراقدا دۆشینی مانگەکە بوو بۆ رەواجکردنی ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی و پرۆژەیەکی تایفی کە لە رابردووەوە خوازرابوو، تەنانەت بۆ ئەم سەردەمەش بەرهەم نەهێنرابوو، ئەم کارە قێزەونەش بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتییەوە بوو کە خۆی لە هەموو کارەساتەکان غافڵ کردبوو بە پاساوی خۆ پاراستن لە دەستتێوەردانی دەرەکی و پێشێلنەکردنی سەروەری وڵات. لە سوریا، دیمەنەکە و حیکایەتە زۆر لەوەی عێراق دوور نەبوو، تەنانەت لە زۆر رووەوە تەواوکەر و درێژکەرەوەی دوانەی "گەندەڵی و تیرۆریزم"ە، بەڵام بە حوکمی جوگرافیا هەندێ تایبەتمەندێتی دیکەیە هەیە. لێرە دوانەی گەندەڵی و تیرۆریزم پەیوەندی بە گۆرینی هێڵە مێژوویەکانی وزە و هاوپەیمانیەتە کلاسیکەکەی نێوان روسیا و رژێمی سوریاوە هەیە،.

 

کە دواجار ئەوانەی دەیانویست سەرچاوەکانی وزە بە ئاقارێکی دیکەدا ببەن بۆیان ئەنجام نەدرا. داعش ئامرازێکی فشار بوو بەوەکالەت کاری بۆ دەوڵەتە ئیقلیمییەکان دەکرد بۆ گۆرینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست. هاتنەوەی ئەسەد بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی، مانەوەی رووسەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و هاتنی چیینیەکان و لاوازی ئەمریکییەکانە، کە بە ئیرادەی خۆیان وردە وردە رۆڵی خۆیان لە ناوچەکە دەگۆڕن. بەداخەوە، لە جەنگی ١٢ ساڵەی سوریا، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژرا، لە نێویاندا زیاتر لە ١٦٠ هەزار خەڵکی مەدەنی بوون و زیاتر لە ٥٥ هەزار کەس لە ژێر ئەشکەنجەداندا مردن و زیاتر لە ٢٧ هەزار منداڵ کوژران، ئەمانە بە هۆکاری راستەوخۆی جەنگەکە پوختەی قسە: ئەوەی روویدا لە ناوچەکەدا، دونیایەک لێکۆلینەوەی ستراتیژی هەڵدەگرێت، دڵنیاین بۆ چەندان ساڵی دیکە هەموو دیارەدەکانی گەندەڵی و تیرۆریزم بەشێکی زۆری ئەو لێکۆڵینەوانە دەبن. دوانەی "گەندەڵی و تیرۆریزم" وەک لە ناونیشانەکەدا نوسراوە، لە پێکهێنان و رووخاندنی حکومەتەکان و دامەزراوەکان جەرگبڕ و کەمەرشکێنە، رەنگە پەیوەندی ئەم دوانەیە لە هەندێ دۆخی سیاسی ئاساییدا دیاردەی سیاسی نەبن و چارەسەری ئاسانتر بێت، بەڵام لە ژینگەیەکی سیاسی شەرانگیز و توندرەودا، زیاد لە دیاردەیە، شێرپەنجەیە و چارەسەری هەڵکێشانە، لە ژینگەیەکی سیاسی کە هەموو بونیادەکانی دیکەی کۆمەڵگە وەک ئەمن و کەلتوور و ئابووری و دارایی بۆ گۆرینی ریشەیی کۆمەڵگە و بۆ مەرامی سیاسی بەکار دەهێنێت بەڵام لەبەرئەوەی ئەم پلانە نامۆیە بە مێژووی کۆمەڵگەکە خۆی شکستی خوارد.

128 جار خوێندراوەتەوە