پێکهێنانی حکومەت: خەونێکی بە ناوەرۆک و بە ئامانج

بەداخەوە، کە لە بەرنامەی حکومەت و پیادەکردنی ریفرۆم و باشکردنی خزمەتگوزاری دەدوێین، دەبێت وریایبین نەکەوینە تەڵەوە. قسەکردن لەسەر ئەم تەوەرانە زۆرجار برینت دەکولێنێتەوە، لەبەرئەوەی یادگاری تاڵ و ناخۆشت دێننەوە یاد. زۆر لەسەر بەرنامەرێژی حکومەت نووسراوە بەڵام هیچیان نەهاتنە دی. رادەی بێ ئومێدی خەڵک لە ئەندازە بەدەرە، بەرادەیەک کە متمانە بە هیچ پلان وپرۆژەیەک نەماوە، بەڵام ئایا شیاوە ئەمە ببێتە دۆخی هەمیشەیی و کەلتورێکی باڵای بواری سیاسەت و ئیتر رازیبین بەوەی ئەمە حەقیقەتەکەیە و تەواو و هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە و بڵێین ئەوە بەشی ئێمەیە لە دونیادا و لەو دیو سنوورەکانمانەوە ناتوانین هێزێک بخوازین بۆ زیندووکردنەوەی سووری ژیانمان.

رەنگە شەکەتی لە ئەنجامی بەسەربردنی تەمەنێکی درێژ لە جەنگدا و بەهۆی کەڵەکەبوونی حیکایەت و سەرگوزشتە قێزەوەنەکانی مەرگ هیچ پانتاییەکی بۆ خەون بینین بە دونیایەکی ترەوە نەهێشتبێتەوە بۆمان، خەڵکێکی زۆر خەونیان بە دونیایەکی باشترەوە بینی بەڵام سەریان نایەوە بەر لەوەی بێتە دی. بەداخەوە، تارمایی جەنگ، بە ئاگایی یان بێ ئاگای خۆت، هەمیشە وات لێدەکات وریا و بێ متمانە بیت، دەترسیت بکەویتە بۆسەوە. راستە پانتایی خەون بینین تا دێت تەسک دەبێتەوە یان رەنگە هەر نەمابێت. 

بەراست توانای خەونبینینمان نەماوە؟ دڵنیابە، ئەوەی خەون بە دێوزمەوە دەبینێت، ئەوەی خەون بە کارەساتەکانەوە دەبینێت، توانای خەونی پێجەوانە و دژە دێوزمەشی هەیە، لەبەر هۆیەکی زۆر ساکار ئەویش ئەوەیە هێشتا کەسەکە لە ژیاندایە و هەناسە دەدات.

ئایا دەکرێت خەونبینیش بۆ نەوەکانی ئاییندە دوا بخەین؟ ئایا رەوایە ئەو کارەش بگرنە ئەستۆ، واتە هەم خەوببینن بە بیناکردنەوە و هەم پرۆسەی بیانکردنەوەش لەهەمان کاتدا ئەنجام بدەن، بۆ دەبێت خەون بینین بە ئامادەکردنی بەرنامەیەکی باش و حکومەتێکی خزمەتگوزار بۆ ئاییندە دوابخەین، با ئێمە، لانی کەم لە ئێستادا، خەونەکە ببینین و نەوەکانی ئاییندە پیادەی بکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت خەونەکان بێ ناوەرۆک و بێ ئامانج نەبن، با، لانی کەم، هەوڵ بدەین گەنجینەیەک گەڵاڵە بکەین یارمەتی سەرهەڵدانی تروسکایی حیکایەتێکی جیاواز لە نێو خۆڵەمێشی مەرگەوە بدەین تا ببێتە میراتێک بۆ ئاییندە. 

خەون بینینی بە ناوەرۆک و بە ئامانج خۆی لە خۆیدا دەستکاریکردنێکی ئەو واقیعەیە کە تێیدا دەژین بۆ ئەوەی بە تەواوی تەسلیمی بێ ئومێدی و ئەو واقیعە نەبین کە وەک خۆی هەیە. هێنانەدی گۆرانکاری لە شێوازی حکومڕانی و پیادەکردنی دادپەروەری لە خەونێکی واقیعبینانەوە دەستپێدەکات، لە بڕوابوون بەوەی کە ئێمە مافمان هەیە لە دونیایەکی جوانتردا بژین. جوانترین نموونە، بیناکردنەوەی دێهاتەکانە لە پاش چەندان جار وێرانکردنی. لە یادمە جارێکیان کابرایەکی بە تەمەن پێی وتم ئەمە چوارەم جارە خانووەکەم دروست دەکەمەوە و هێشتا دڵنیا نیم تێیدا دەحەسێمەوە، بەڵام دڵنیام دەبێت هەمیشە توانا بۆ خوڵقاندنی پرۆسەی بیناکردنەوە لە ئارادا بێت و بڕوابوونێکی چەسپاو هەبێت بەوەی کە دەبێت کاری بەردەوام بۆ گۆرانکاری بەردەوام بکەین.

لە دووریانێکی سیاسی سەختی وەک ئەمرۆدا، لە هەموو کاتێ زیاتر پێویستمان بە بیناکردنەوەی شوناسێک هەیە کە ئەوەندەی لە کاڵبوونەوە نزیکە، لە تۆخکردنەوەی دوورە. لە هەموو جۆرە بۆشاییە سیاسییەکاندا دەژین، هەر لە نەبوونی سەرکردایەتییەکی سیاسی کە ئیجماعی لەسەر بێت، تا دەگاتە نەبوونی پرۆسەیەکی سیاسی تەندروست کە ئەو سەرکردایەتییە سیاسییە دامەزرێنێت. بەداخەوە هەستکردن بە مەترسی هەرەشەکان نەبوونەتە کار و پرۆژە، لە ناو مێژوویەکی داخراو و رەفتارێکی سیاسی بێ بەرپرسانەدا قەتیس بووین. 

ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا، گریمان، پشووی نێوان جەنگێکی دیکە بێت، خۆ هەر دەبێت خۆمان پڕ چەک و ئازووقە بکەین بۆ بەرگریکردنێکی دیکە! ئازووقەی ئێمەش پێکهێنانی حکومەتێکی پڕ خەونی ناوەرۆک و بە ئامانجە بەو سەرمایە و ئامراز و کۆڵەکانی کە لە سەر عەرد هەن ئەگەر سەرەتاییشبن. ئەوەی کرنگە کار لەسەر خەونێک بکەین کە کاری کردەیە و دەشێت ئێستا بێتە دی و ئەوی دیکەیان بۆ سبەی ئەگەر لە ژیاندا ماین، ئەگەر نا، ئەوە کاری نەوەی ئاییندەیە، خەونێک و میراتێکیان بۆ جێ دەهێڵیین.

1205 جار خوێندراوەتەوە