ئەم ساتە مێژوییە .. کوشندەیە

بۆ ئێمە، گرژی ئەم دۆخە ئەمنییە، ئەم گەمارۆدانە بێ ویژدانییە، ئەم هەڕەشە شەڕانگێزییە، ئەم بێمروەتیە، هیچی کەمتر نییە لە هەرەسی کۆماری مهاباد و نسکۆی (74) و شکستی (84) و پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجە، ئەم ساتە هەمان حیکایەتی لەعنەتی مێژوە، هەمان سەرگوزشتە و برین کە پێویست بە زانیاری زۆرناکات تاوەکو دڵ و ویژدان هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات.


ئەم ساتە، سەرلەنوێ دۆخێکە و پڕۆژەیەکە بۆ نەمان و فەناکردنی نەتەوەیەک، هەمان موئامەرە و هەمان ئەکتەر و هەمان لاوازی خۆشمان لە نەبونی نوێنەرایەتییەکی سیاسی رەوا کە لەگەڵ دونیا و قیامەتدا بێتە گۆ و راستگۆیانە گرفتە لاوەکییەکان وەلا بنێت و پلانێک بۆ مانەوە و بۆ بەرگریکردن ئامادە بکات.


لە ماڵێکدا ئەگەر ئەندامێکی خێزان لاساری بکات هەمو سەرزەنشتی دەکەن تا دێتەوە هۆش خۆی، کۆمەڵگەی کوردی خێزانێکی گەورەیە، پڕ لە گروپی خۆڕسکە کە تەنها بۆ ئەمڕۆ دەژێت، ئێمە نە خاوەنی دەزگای بیکردنەوەی گەورەین، نە خاوەنی ژێرخانی ئابوری پتەویین و نە هێزێکمان هەیە کە فیشەک و بەنزینی لێ نەبڕێت، نە دەوڵەتین.


ئێمە تەنها خاوەنی جوگرافیا و کۆڵەکە سەرەکییەکانی مرۆڤین، ئەگەر ئەم جوگرافیایە باش بەکارنەهێنین و هەریەکە لە نێو ماڵی خۆی و گروپی خۆیەوە هەست بە مەترسی نەکات ئەوە وەک ئەوە وایە دەرزیەک لە دەماری بونی درابێت.


ئەم ساتە دەخواێت پلانێک بۆ دەرچون لەم گەمارۆدانە لە هەمو لایەکەوە ئامادە بکرێت،ئەرکی سەرشانی هەمو پارتە سیاسییەکانە کە پلانێکی هاوبەش ئامادە بکەن و ئەرکەکان بە نوێنەرایەتییەکانیان و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بسپێرن، دەبێت ئەرکی سیاسی مێژوی خۆیان ئەنجام بدەن.


لە پلانەکەدا دەستنیشانی رۆڵی هەر یەکێک کرابێت، دەستنیشانی ئەوە کرابێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیوەندی بەکێوە بکەن، لۆبی کردن لەگەڵ کێ بکەن، لە هەمان کاتدا لە ئاستی ناوەوە کەڵێنەکان کەم بکەنەوە.


ئەم ساتە تەنانەت لە بەرژەوەندی گەندەڵکارانیش نییە، دواتر هیچ نامێنێتەوە ببرێت! گرەوکردن لەسەر پایتەختەکانی دراوسێکانمان دادمان نادات، ئەمە سەرەتاترین وانەیە لە مێژوەوە.


ساتی دروستبونی بەرەی کوردستانی وەک ساتی ئەمڕۆ وایە، هەمو پێویستمان بەیەکترە، ئەوەی بە پێچەوانەی ئەم عیبرەتەوە رەفتار دەکات ماڵی خۆی وێران دەکات و لە کۆمەڵگەکەی نەگەیشتوە.


ئەوەی داوای نەمانی قەوارەیەک دەکات کە بڕوخێت بەرلەوەی لەدایک بێت بێ توانایی خۆمان دەردەخات، ئەوە دەردەخات ئێمە هێشتا لە ئاستی هەڕەشە دەرەکییەکاندانین.


ئەو هەڕەشانە ئەم کۆمەڵگەیە دەکەنەوە کۆیلە مێژویەکەی سوڵتانە قەدیمەکان کە هەمو شتێک بۆیان حەڵاڵ دەکات بە خوشک و ژن و کەسەکانمانەوە.


لەگەڵ زیندوبونەوەی تەماعە کۆنەکان، میکانیزمە کۆن و نوێکان دەبێت ئاوێزانی یەکبن، یەکگرتن وشەیەکی کۆن و رەونەقی نەماوە، زۆربەی هەرە زۆری هۆنراوە و پەندە کوردیەکانی گرتوەتەوە و هەر سودی نییە، ئەوەی باسی بكات وەک ساویلکە تەماشا دەکرێت، بەڵام ئەم چەکە سەرەتاییە وەک چەکی مانەوە لە ماڵەوە بۆ بەرنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وایە.


ئامادەکردنی پلانێک لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە بە کۆی دەنگ شەرعیەتە. پلانێکە ئەم جارە بە دونیا دەڵێت لەپاڵ یەکگرتندا کاری سیاسی دەزانم و چەکێکی سەردەمییانەم پێیە بە چالاککردنی پەرلەمان و بە بەکارهێنانی سەرۆکایەتی هەرێم وەک نوێنەرایەتییەک بە روی دونیادا.


پاراستنی قەوارەی سیاسی لە بەکارهێنانی دروستی دەزگاکاندا دەبێت و لە هەوڵی گەشەسەندنیاندا دەبێت، تا ئەوکاتەی ئەرکەکە بە نەوەی داهاتو دەسپێرێت. ئەمە هاوارێک و دەستپێشخەریکە، خەمخۆرانە و دڵسۆزانەیە، هیوادارم سەدای هەبێت.

859 جار خوێندراوەتەوە