دیوانییە... ١٢ کەس لە باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگادا سوتێنراون

KNN : Kurdish News Network
03:01 - 26/10/2019
عێراق
+
-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دیوانییە رایگەیاند، كە تەرمی ١٢ كەس بەسوتاوی لەناو باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا و بارەگای پارتەكاندا، دەرهێندراون.

ئاژانسی هەواڵیی ئەنبار نیوز لەسەر بنەمای زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دیوانییە ئاشكرایكردووە لە لە میانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكاندا، تەرمی ١٢ كەس بە سوتاوی لەناو باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگاكە و بارەگای پارتەكاندا، دەرهێندراون.

دوێنێ‌ هەینی لە میانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكاندا، ژمارەیەك بارەگای پارتەكان و بینای ئەنجومەنی پارێزگای شاری دیوانییە سووتێندران.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا جەختیكردبوویەوە لەسەر ئەوەی كە هاوڵاتییان مافی خۆیانە خۆپیشاندانی ئاشتییانە ئەنجامبدەن.

دوێنێ‌ هەینی جارێكی دیكە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان لە شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری دیكەی باشووری عێراق دەستی پێكردەوە و خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و چاكسازی لە سیستەمی سیاسی دەكەن.

بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوكراوەتەوە تا ئێستا لە میانی خۆپیشاندانەكاندا تا ئێستا، ٣١ كەس كوژراون و دوو ھەزارو ٣١٢ی خۆپیشاندەر و ھێزە ئەمنییەكان برینداربوون.

1567 جار خوێندراوەتەوە