ئەمریکا لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق هاتەدەنگ

KNN : Kurdish News Network
09:44 - 02/11/2019
عێراق
+
-

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند کە هانی حكومەتی عێراقی دەدەن گوێ لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بگرێت و ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو لێكۆڵینەوەیەی كە لەبارەی توندوتیژی خۆپيشاندانەكانەوە کراوە پێویستی بە وردبینی و راستگۆیی هەیە.

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، "ئەمریكا بەو هەوڵانە خۆشحاڵە كە حكومەتی عێراق بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان خستوویەتەگەڕ".

دەشڵێت: "پێویستە حكومەتی عێراق گوێ لە داواكارییە راوەكانی خۆپیشاندەران بگرێت و ویلایەتە یەكگرتووەكان لە نزیكەوە چاودێری رەوشی عێراق دەكات، هەر لە سەرەتاوە داوامان لەسەرجەم لایەنەكان كردووە كە دووربكەنەوە لە توندوتیژی".

پۆمپیۆ راشیگەیاندووە "ئەو لێكۆڵینەوەیەی كە حكومەتی عێراق لە بارەی توندوتیژیی خۆپیشاندانەكانەوە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا ئەنجامیدا، پێویستی بە وردبینی راستگۆییە و گرنگە دادپەروەریی و یەكسانی راستەقینە بۆ گەلی عێراق دەستەبەر بكرێن".

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تیشكی خستووەتەسەر ئەوەش "پێویستە ئەو رێوشوێنە توندەی كە بەم دواییانە بەرامبەر بە ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین لە عێراق گیراونەتەبەر لاببرێت، چونكە ئازادی رۆژنامەوانی بەشێكی دانەبڕاوە لە چاكسازیی دیموكراسی".

لە كۆتاییدا پۆمپیۆ دەڵێت: " ئەمریكا بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی حكوومەت، گەل، سەقامگیری و سەروەریی عێراق".

ئەمەش لەکاتێکدایە، خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی عێراق لە شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری ناوەڕاست و باشوور بەردەوامە و داوا دەكەن حكومەت دەستلەكاربكشێنێتەوە.

خۆپیشاندەران لە یەكی تشرینی یەكەمدا دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و دواتر بە هۆی رێوڕەسمەكانی ئەربەعینیەوە خۆپیشاندانەكانیان وەستاند، دواتر رۆژی هەینی رابردوو دەستیان پێكردەوە و لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی بەغدای پایتەخت خۆپیشاندان بەردەوامە.

سەرەتا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی خزمەتگوازرییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی كاریان دەكرد، بەڵام لەئێستادا، داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت دەكەن.

1558 جار خوێندراوەتەوە