دوای ئەوەی خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بچنە نزیک نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی
عێراق هێزە ئەمنییەکان پردی ئەحراریان داخست و ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران
روویدا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ
دووشەممە، ھێزەکانی سوپا ئەو پردەیان داخستووە کە بەرەو نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق،
عادل عەبدولمەھدی دەروات.
ئەو پردە دەکەوێتە سەر رووباری دیجلە و بەرەو
ناوچەی عەلاوی دەڕوات کە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی لێیە ، لەوێشەوە
دەگاتە ناوچەی ساڵحیە کە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی لەنێویشیاندا کەناڵی ئاسمانی فەرمی
عێراقییەی لێیە.
ھەروەھا دەتوانرێت لەناوچەکانی عەلاوی و ساڵحیەوە
بگەیتە ناوچەی سەوز کە ئامانجێکی سەرەکی خۆپیشاندەرانە و لە ساتی سەرەتای دەستپێکردنی
خۆپیشاندانەکانەوە ھەوڵی گەیشتن بەو ناوچەیە دەدەن کە ناوچەیەکی ھەستیارە و بارەگاکانی
حکوومەت و پەرلەمان و ماڵی بەرپرسان و باڵیۆزخانە بیانییەکانی لێیە.
لە ٢٥ی مانگی ڕابردووەوە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا
و شارەکانی دیکەی عێراق بەردەوامە و کۆتای ئاماری فەرمی دەڵێت تا ئێستا زیاتر لە
٢٥٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و هەزاران برینداریش هەیە.
1107 جار خوێندراوەتەوە