دەستەی دەستپاکی لە عێراق ڕایگەیاند، بانگھێشتی ٢٦ بەرپرسی عێراقی لە پارێزگای دیالە
دەکات بۆ لێپرسینەوە لەسەر تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە.
ئەو
بڕیارەی دەستپاکی، دوای چەند کاتژمێرێک هات لە یاداشتی دوو دادگای عێراقی بۆ دەستگیرکردنی
پارێزگاری پێشووی بەسرە، ماجد نەسراوی و پارێزگاری پێشووی بابل و پەرلەمانتاری پێشووی
عێراق، سادق سوڵتان بەتۆمەتی گەندەڵی.
لە راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکیدا ھاتووە:"
ئەمڕۆ بڕیاری دادگا دەرچووە بە بانگھێشتکردن و لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی
پارێزگای دیالە و دوو جێگرەکەی، ھەروەھا ئەندامانی تری ئەنجوومەنەکە، کەژمارەی ھەموویان
٢٦ کەسە، بەپێی ماددەی ٣٤٠ و لەسەر تۆمەتی گەندەڵی".
ماددەی ٣٤٠ لە یاسای سزاکان ئاماژە دەکات بەوەی
ھەر فەرمانبەرێک بەشێوەیەکی ئەنقەست زیان بە موڵک و ماڵ و بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت
، ئەوا رووبەڕووی سزای زیندانیکردن دەبێتەوە کەلە ٧ ساڵ زیاتر نەبێت.
ئەم ھەوڵەی دەسەڵاتدارانی عێراق، وەک ھەوڵێکە بۆ
بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانەی بە خۆپیشاندەرانیان داوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
1434 جار خوێندراوەتەوە