کۆی ژمارەی ئەو حاجییە کوردانەی ئەمساڵ لەکاتی بەجێهێنانی
فەریزەی حەج لە مەککە کۆچی دواییان کردوە گەیشتە 12 حاجی، کە دوانیان خەڵکی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانن.
هەواڵ:KNNC
نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی
ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کورستان بە کەی ئێنی ئێنی راگەیاند،
شەوی رابردو حاجییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەناوی عەبدولحەمید رەحیم لە
سعودییە، دوای تێکچونی دۆخی تەندروستی، گیانی لەدەستداوە، کۆی ژمارەی ئەو
حاجییە کوردانەی هەرێمی کوردستان کە ئەمساڵ لە مەککە کۆچیی دواییان کردوە گەیشتە 10 حاجی.
وتیشى: ئەو 10
حاجییەی هەرێمی کوردستان کە گیانیان لەدەستداوە، تەنها یەک دانەیان ڤیزای
رەسمیی حەجی هەبوە و نۆ حاجییەکەی دیکە لە ڕێگەی ڤیزای یەکساڵییەوە چونەتە
سعودیە.
ئەوەیش لەکاتێکدایە دو
حاجی دیکەی کورد کە یەکیان خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئەوی دیکەش خەڵکی
ڕۆژئاوای کوردستانە لە ڕۆژی عەرەفەدا کۆچی دواییان کرد، بەوەش
کۆی گشتی گیانلەدەستدانی حاجییانی کورد لە وەرزی ئەمساڵی حەجکردندا، دەبێتە 12
حاجی.
وتەبێژی ئەوقافی هەرێم ئاماژەی
بەوەش کرد، ماوەی چەند ڕۆژێکە سێ حاجی هەرێمی کورستان کە بە ڤیزای
یەکساڵی سەفەری حەجیان کردوە، بێسەروشوێنن و لە ئێستادا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی
سعودییە لە پەیوەندیدان بۆ سۆراغکردنیان.
315 جار خوێندراوەتەوە