گەشتوگوزاری هەولێر
ئامادەكارییەكانی پێشوازیكردن لە گەشتیاران بۆ (KNN) ئاشكرا
دەكات و بەڕێوەبەری راگەیاندنیش دەڵێت: تا ئێستا زیاتر لە (45) هەزار گەشتیار
رویان لە هەولێر كردوە.
هەواڵ: (KNNC)
نەریمان فازڵ،
بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە(KNN)ـی راگەیاند: بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە ژمارەیەكی زۆر لە
گەشتیارانی ناوەڕاست و خواروی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردوە، گەشتوگوزاری
هەولێریش لەبازگەكان بەنوقڵ و شیرینی پێشوازییان لێدەكەن، هەروەها لەڕێگەی
تیمەكانیانەوە چاودێری هەمو ئەو شوێنانە دەكەن، كە گەشتیاران بۆ بەسەر بردنی
كاتێكی خۆش روی لێدەكەن.
سەبارەت بە ژمارەی
ئەو گەشتیارانەی سەردانی شاری هەولێریان كردوە، وتیشی: وەرزی هاوین بە وەرزی زێڕینی
گەشتیاری ناسراوە، ئێستاش كەبەهۆی رۆژەكانی پشوەوە تا ئێستا زیاتر لە (45) هەزار گەشتیار
سەردانی ناوچە گەشتیارەكانی هەولێریان كردوە، ژمارەكەش بەردەوام لەبەرزبونەوەدایە،
رونیكردەوە، كۆی ژمارەی گەشتیاران بۆ جەژنی قوربانی ساڵی رابردو زیاتر لە (143)
هەزار گەشتیار بوە.
رونیكردەوە؛ بەشێكی
زۆری ئەو گەشتیارانەی كە رویان لە شارەكان و ناوچە گەشتوگوزارییەكانی هەرێم كردوە،
گەشتیاری باشور و ناوەڕاستی عێراقن و بەشێكی دیكەی لە وڵاتانی دیكەی جیهانەوە
لەڕێگەی گروپە گەشتیارییەكانەوە سەردانی هەرێمیان كردوە.
راشیگەیاند: بەهۆی
ئەو ئاسانكارییانەی پێشكەش بە گەشتیاران دەكرێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر
لە ملیۆنێك (226) هەزار گەشتیار سەردانی شاری هەولێر و ناوچە گەشتیارەییەكانییان
كردوە، كە بەپێی پێشبینییەكان ئەمساڵ هاتنی گەشتیاران زیاتر دەبێت و بۆئەو مەبەستەش
لەلایەن كەرتی گشتی و تایبەتەوە ئامادەكارییان بۆ پێشوازی كردن لە گەشتیاران
كردوە.
بەڕێوەبەری
راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوشكرد، بەپێچەوانەی بەشێكی زۆر لە
وڵاتان كە كێشە بۆ گەشتیار دروستدەكرێت، لە بازگەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و
بەتایبەتی لە بازگەكانی هەولێر ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و رێكارە ئەمنییەكان زۆر
بەخێرایی جێبەجێ دەكرێت كە ئەوەش كات بۆ گەشتیاران دەگەڕێنێتەوە.
203 جار خوێندراوەتەوە