هەرێمی كوردستان... 265 هەزار گەشتیار رویان لە ناوچە گەشتیارییەكان كردوە

KNN : Kurdish News Network
07:44 - 18/06/2024
کوردستان
+
-

لە سێیەم رۆژی جەژنی قورباندا زیاتر لە (265) هەزار گەشتیار رویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان كردوە و بەرپرسانی گەشتوگوزاریش دەڵێن: لەسەرو پێشبینییەكانی ئێمەوە گەشتیاران سەردانی ناوچە جیاجیاكانیان كردوە.


هەواڵ: (KNNC)


بەپێی ئەو ئامارە سەرەتاییانەی تۆڕی پەیامنێرانی (KNN) لە بەرپرسانی گەشتوگوزاریان وەرگرتوە، لە رۆژانی جەژنی قوربان زیاتر لە (265) هەزار گەشتیار رویان لە ناوچە گەشتیارەییەكانی هەرێم كردوە، كە تا ئەمڕۆ پارێزگای هەولێر زیاتر لە (150) هەزار گەشتیار و پارێزگای سلێمانی (75) هەزار و ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان زیاتر لە (40) هەزار گەشتیار سەردانیان كردون.


ئەوەیان بۆ (KNN) خستوەتەڕو، زۆرینەی گەشتیارەکان لە باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتون، بەشێكی دیكەی گەشتیاران لەگەڵ گروپەكان لە ووڵاتانی دیكەوە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردوە.


بەرپرسانی گەشتوگوزار ئاماژیان بۆ ئەوەشكردوە، هاتنی ئەو ژمارە زۆرە لە سەرو پێشبینییەکانی ئەوانەوە بوە، چونكە بەرپرسانی گەشتوگوزار چاوڕوانی هاتنی (300) هەزار گەشتیاریان كردوە، بەڵام بەهۆی بەردەخستنی خزمەتگوزاری باش و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە ساڵانی رابرودا لە گەشتیاران كراوە، وایكردوە ژمارەیەكی زۆرتر لەئاستی چاوەڕوانی ئەوان سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.


بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی گەشتوگوزاری هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان بە پێشكەشكردنی شیرینی و رێبەری گەشتیاری چاپكراو، پێشوازییان لە گەشتیارانی هەرێمی كوردستان كردوە و تا ئێستاش هاتنی گەشتیاران بەردەوامە و پێشبینی دەكرێت ژمارەكە زیاتر بەرز بێتەوە.

208 جار خوێندراوەتەوە