هەڤاڵ ئەبوبەکر: نادادى و ململانێی هێزە سیاسییەکان ژیان و سامانى هاوڵاتییان دەخاتە بەردەم نەمان و زایەکردن

KNN : Kurdish News Network
06:18 - 19/06/2024
کوردستان
+
-

پارێزگاری سلێمانی دڵتەنگی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی هاوڵاتییە كوردەكانی نێو بەلەمەكەی ئیتاڵیا دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت: نادادى و ململانێی هێزە سیاسییەکان ژیان و سامانى هاوڵاتییان دەخاتە بەردەم نەمان و زایەکردن.

 

 

هەواڵ: (KNNC)

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە: لەسەر خاکی خۆمان هەڵدەکەندرێین و وەک باڵندەیەکی بێلانە، بێپەروا، تا کارەسات و تا لوتکەی سەرکەشیی و سەرەڕۆیی و تا هەناوی مەرگ دەفڕین، بەهیوای ئەوەی ئەم مەرگەساتە گەورەیە؛ دوا کۆست و کەوتن و نەهاتیی و نەهامەتیی خەڵکی کوردستان بێت.

 

ئەمەش دەقی راگەیەندراوەكەی پارێزگاری سلێمانییە:

بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پرسەو پەژارەو ماتەمینیی خۆمان بۆ گیان لە دەستدانی هەمو ئەو بەڕێزو ئازیزانەمان؛ دەردەبڕین، کە بە هۆی نوقمبونی قەیاغەکەیانەوە لە ئاوەکانی ئیتالیادا؛ بونەقوربانیی.

داواخوازین خوای گەورە ئارامیی بە هەمو لایەکمان ببەخشێت و جێگای کۆچکردوان بەهەشت بێت و نزای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارو زیانلێکەوتوەکان دەکەین.

دۆخی نادادیی و کاڵبونەوەی پابەندییەکان و ململانێی ناڕەوای هێزە سیاسییەکان و هەژمونی دەسەڵاتدارێتیی خۆسەپێن و خۆپەرست و گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتردا؛ بەبەردەوامیی دەرون و گیان و ژیان و سامان و ماڵی هاوڵاتیان دەخەنەبەر مەترسیی مەرگ و نەمان و زایەکردنی هەمو بەها مرۆڤایەتییەکان.

لەسەر خاکی خۆمان هەڵدەکەندرێین و وەک باڵندەیەکی بێلانە، بێپەروا، تا کارەسات و تا لوتکەی سەرکەشیی و سەرەڕۆیی و تا هەناوی مەرگ دەفڕین.

بەهیوای ئەوەی ئەم مەرگەساتە گەورەیە؛ دوا کۆست و کەوتن و نەهاتیی و نەهامەتیی خەڵکی کوردستان بێت.
تاقیکردنەوەیەکی تاڵ و تاریک بێت بۆ ئەزمونکردنی شکست و بێباکیی هەموان.

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی

405 جار خوێندراوەتەوە