بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی داوا دەكات، بۆ ئەوەی کەشێکی فێنک لەم گەرمای هاوینەدا بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین بكرێت لە كاتژمێر (07:30 بۆ 11:30) پێش نیوەڕۆ بەکارهێنانی کارەبا کەمبکرێتەوە تا کۆششی چەندین ساڵەی خوێندکاران بە ئامانجەکەیان بگەن.
هەواڵ: (KNNC)
لەبڵاوكراوەیەكدا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی
سلێمانی رایگەیاند: بە هەوڵی هەموان، پرۆسەی پەروەردەی ئەمساڵ بە کۆتا گەیشت، ئەوەی
بۆ ئەمساڵی خوێندن مابێت؛ پرۆسەیەکی گرنگی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی دوانزەی
ئامادەییە بە هەمو بەشەکانییەوە بۆ هەردو خولی یەکەم و دوەم.
رونیكردوەتەوە، بۆ خولی یەکەم (29) هەزار قوتابی و خوێندکار کە
بەسەر (423) هۆڵی تاقیکردنەوە دابەش کراون لە زۆربەی ناوچەکانی سنوری
پارێزگاکەمان، رۆژی یەکشەممە (2024/6/23) لە كاتژمێر (07:30)ـی بەیانی یەکەم
تاقیکردنەوە دەست پێ دەکات، بۆئەوەی کەشێکی فێنک لەم گەرمای هاوینەدا بۆ هۆڵەکانی
تاقیکردنەوە دابین بکەین و لە هەوڵەکان سەرکەوتو بین پێویستمان بە هاوکاری هەمو
لایەکتانە.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی داوا دەكات، لە ڕۆژانی
یەکشەممە و چوارشەممەدا، كە پرۆسەی تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەکارهێنانی کارەبا کەمبکەینەوە بۆئەوەی کۆششی
چەندین ساڵەی جگەرگۆشەی سنوری پارێزگاکەمان بگەیەنینە ئەو ئەنجامەی کە چەندین ساڵە
هەموان چاوەڕێی دەکەین.
راشیگەیاندوە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی هەمو
هەوڵەکانی ئارامی هۆڵ و دابینکردنی کارەبامان لەگەڵ فەرمانگەکانی تایبەت بەو بوارە
ئەنجام داوە، هاوکاری هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای سلێمانی نەبێت سەرکەوتو
نابین، بۆیە چاوەڕوانی بەدەمەوە هاتنی هاوڵاتیانی بەڕێزین.
298 جار خوێندراوەتەوە