نەخۆشخانەى منداڵانى هەڵەبجە لەبارەى دەنگۆى پێدانى دەرمانى ماوە بەسەرچوەوە رونکردەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
11:43 - 10/09/2024
کوردستان
+
-

جێگرى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵبونى هەڵەبجە رونکردنەوە لەسەر دەنگۆى پێدانى دەرمانى ماوەبەسەرچو دەدات لە نەخۆشخانەکەیان بە منداڵان و جەختیش دەکاتەوە کە دەرمانەکانیان هیچ کێشەیەکى نییە و هیچ منداڵێکیش بەهۆیانەوە توشى نەخۆشى نەبوە.


هەواڵ:KNNC


دکتۆر ئاراس حەمە سەعید، جێگرى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵبونى هەڵەبجە بە کەى ئێن ئێنى راگەیاند؛ پێشتر چەند جارێک روبەڕوى ئەو حاڵەتە بوینەتەوە کە تایبەتە بە دەرمانى ماوە بەسەرچو، بەڵام نەخۆشخانەکەیان بە سێ رێگاى فەرمیی دەرمان وەردەگرن ئەوانیش لەڕێی حکومەتى عێراق یاخود لەڕێی تەندەرەوە یان رێکخراوە خێرخوازییەکان بۆیان دابین دەکەن.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئەوان چەند جارێک داواى رونکردنەوەیان لە شێوازى بەکارهێنانى ئەو دەرمانانە کردوە کە ماوەى بەسەرچونیان نزیکە، بەپێی رێنمایی و رونکردنەوەى دەرمانسازەکان و لیژنەى بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستى و وەزارەتى تەندروستى عێراق و ئێف دى ئەى، ئەو دەرمانانەى ماوەى بەسەرچونیان بە مانگ دیاریکراوە و رۆژى دیارنییە دەتوانرێت تا کۆتایی مانگەکە بەکاربهێنرێت و هیچ کێشەى نییە.

 

جەختیشى کردەوە؛ هەر دەرمانێک بگاتە وادەى بەسەرچونى نابێت بە ژەهر و تەنها سودەکەى بۆ زیاتر لە نیوە دادەبەزێت، هەروەک ئەو دەرمانانەش وەریدەگرن لە کۆگاوەیە و کۆگاکانیش دەرمانى بێ ستیکەریان نییە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە پێش ئەوەى دەرمان بدرێت بە هاوڵاتییان کە وادەى بەسەرچونەکەى نزیک بوەتەوە، رونکردنەوەى تەواویان دەدەنێ و پێیان دەڵێن کە خۆیان ئازادن لە بەکارهێنان یاخود بەکارنەهێنانى و لەلایەنى پزیشکیشەوە تەواوى زانیارییەکانیان بۆ دەخەنەڕو.

 

لەبارەى ئەو دەنگۆیانەى کە منداڵان بەهۆى وەرگرتنى دەرمانى ماوە بەسەرچوەوە لە نەخۆشخانەکەیان توشى سکچون بون دکتۆر ئاراس حەمە سەعيد ئەوەى راگەیاند کە ئەو دەرمانە مانگى نۆ وادەى بەسەرچونییەتى و تا کۆتایی مانگەکە دەتوانرێت بەکاربێت، ئیستا هەفتەیەک لە مانگەکە رۆیشتوە و لەو ماوەیەدا ئەو دەرمانە هیچ زیانێک دروست ناکات و نەخۆشکەوتنى هیچ منداڵێک پەیوەندى بەو دەرمانەوە نییە.

 

جەختى کردەو کە بەدڵنیاییەوە نە ئەو دەرمانە و نە هچ دەرمانێکى نەخۆشخانەکەیان بەسەرنەچوە و هیچ کێشەیەکى نییە و داواى لە هاوڵاتییان کرد توشى ترس و دڵەڕاوکێ نەبن.


152 جار خوێندراوەتەوە