نزیکەی شەش هەزار ئاوارەی لوبنانی رویان لە عێراق کردوە

KNN : Kurdish News Network
06:37 - 05/10/2024
عێراق
+
-

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا، نزیکەی شەش هەزار ئاوارەی لوبنانی شوێنی نیشتەجێبونیان بەجێهێشتوە و رویان لە عێراق کردوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشوازیان لە پێنج هەزار و 693 ئاوارەی لوبنانی کردوە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەیانەوە شوێنی نیشتەجێبونیان بەجێهێشتوە.

 

وتیشی، ئەو ئاوارانە لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغداد، نەجەف، ئەلئەشرەف، دەروازەی سنوری ئەلقائیم-ەوە خۆیان گەیاندوەتە ناو خاکی عێراق.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، بەهۆی گرژییەکانی لەگەڵ حزبوڵای لوبنانی لە چەند رۆژی رابردودا سوپای ئیسرائیل داوای لە 55 گوندی سنوری لوبنان کرد بە زوترین کات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی لوبنانیش رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار جوتیار لوبنانیان بەجێهیشتوە کە ئەوەش مەترسی لەسەر کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکە دروست دەکات.


لە ڕۆژی 23ی ئەیلول، سوپای ئیسرائیل دەستی بە ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر لوبنان کردوە  و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش تا ئێستا شەش هەزار کەس کوژراون و بریندار بون، نزیکەی یەک ملیۆن کەسیش ئاوارەبون.


78 جار خوێندراوەتەوە