رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی کۆبوەوە

KNN : Kurdish News Network
03:38 - 06/10/2024
کوردستان
+
-

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوەوە و رایگەیاند، کەمپینی هەڵبژاردنی لیستی (114)ـی بزوتنەوەی گۆڕان بەهێزتر دەکەن.

 

هەواڵ:KNNC

 

ئەمڕۆ یەکشەمە، بە سەرپەرشتی دانا ئەحمد مەجید رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و بە بەشداری مستەفا سەید قادر و سکرتێری جڤاتی نیشتمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە لیژنەی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی ١١٤ی بزوتنەوەی گۆڕان، لە مەکۆی سەرەکی بەڕێوەچو.

 

لەو کۆبونەوەیەدا، ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران؛ کەمپەینی هەڵبژاردنی چڕ بۆ کاندیدەکانی لیستی ١١٤ لە بازنەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە بەڕێوەبەرن، هاوکات تەواوی پشتیوانی هونەری و لۆجستی و ڕێکخراوەیی و میدیایی بخەنەگەڕ، بە ئامانجی دەرخستنی زیاتری کاندیدەکان و بە بەدەستهێنانی متمانەی دەنگی دەنگدەران.

 

هەر لەکۆبونەوەکەدا کە ڕێکخەری ژوری ڕەوەندی کوردی و بەرپرسی خانمانی ئەوروپا ئامادەی بون، رێکخەری گشتی گۆڕان، ڕۆڵی ڕەوەندی کوردی بەرز نرخاند لە پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان و داوای لێکردن ئۆرگانەکانی دەرەوە لەڕێگەی هاندانی کەسوکار و هاوڕێکانیانەوە بەشداربن لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی گۆڕان و وەک هەمیشە ڕۆڵی نیشتمانیانەی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی و بزوتنەوەی گۆڕان بگێڕن.

288 جار خوێندراوەتەوە