بەهۆى تێوەگلانیان لە دزى سەدە دوو کەس رەگەزنامەى کوەیت-یان لێسەنرایەوە

KNN : Kurdish News Network
10:44 - 06/10/2024
عێراق
+
-

وڵاتى کوەیت بڕیاریدا بە کشانەوەى رەگەزنامەى دوو کەس کە ناویان لە کەیسى دزى سەدە لە عێراق هاتوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

رۆژنامەى "الرأي"ى کوەیتى بڵاویکردوەتەوە؛ پێنج بڕیار دەرکراوە و لە رۆژنامەى فەرمیی وڵاتەکە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتوە کە رەگەزنامە لە 63 کەس وەرگیراونەتەوە لەنێویاندا 55 ژن و 8 پیاو هەن بە هۆکارى جیاواز، دوان لەو کەسانەش بەهۆى ئەوەى ناویان لە کەیستى دزى سەدە هاتوە رەگەزنامەکەیان لێوەرگیراوەتەوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە دواى لێکۆڵینەوە دەرکەوتوە کە ئەو دوو هاوڵاتییە هەڵگرى دوو رەگەزنامە بون و بەپێی بڕیارەکانى پێدانى مافى رەگەزنامەى کوەیتیش رەگەزنامە دەکشێنرێتەوە ئەگەر بێتو ئاسایشى نیشتیمانى ناوخۆیی و دەرەکى بکەوێتە مەترسییەوە.

 

ساڵى 2022 دەرکەوتنى محەمەد شیاع سودانى بە چەندین فەردە پارەوە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا و راگەیاندنى گەورەترین دزى لە سامانى گشتى عێراقى شۆک کرد، ئەوکات دزینى 3.7 ترلیۆن دینار راگەیەنرا و تا ئێستاش بەشێکى زۆرى ئەو پارەیە نەگەڕێنراوەتەوە و کەیسەکەش بە کراوەیی ماوەتەوە.

 

لەم کەیسەدا ژمارەى دەستگیرکراوان گەیشتوەتە 30 کەس، نور زوهێر تۆمەتبارى سەرەکییە کە تۆمەتبارە بە راکێشانى دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار لەڕێگەى پێنج کۆمپانیاى وەهمییەوە.

422 جار خوێندراوەتەوە