بەشێک لەو سەربازانەى لە سوریاوە بەرەو عێراق
هەڵاتن داواى گەڕاندنەوەیان بۆ خاکى وڵاتەکەیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەى گومانیش دەکرێت
فەرماندەى باڵاى نزیک لە رژێمى ئەسەدیشیان لەنێودابێت، عێراق لەهەوڵدایە بەشێک لە
سەربازەکان بنێرێتەوە.
هەواڵ:KNNC
قەیس محەمەداوى، جێگرى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە
هاوبەشەکانى سوپاى عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاندوە؛ سنورەکانى عێراق بەتەواوەتى
سەلامەتن و دەروازەکانیشیان لەگەڵ سوریا بەشێوەیەکى تەواو پارێزراون.
ئاماژەى بۆ
ئەوەشکردوەکە گوماندەکرێت فەرماندەى باڵاى سەربازیی و ئەمنیی نزیک لە رژێمى سوریا
لەنێو ئەو سەربازانەدابن کە لە کۆتا کاتژمێرەکانى دەسەڵاتى رژێمى ئەسەد بەرەو عێراق
هەڵاتن.
ئەوەشى ئاشکرا کردوە کە دەیان سەربازى سوریا کە
بەرەو خاکى عێراق هەڵاتون لەئێستادا داوا دەکەن بگەڕێنرێنەوە بۆ خاکى وڵاتەکەى خۆیان و
بەغدادیش کاردەکات بۆ گێڕاندنەوەى ئەو سەربازە هەڵاتوانە بۆ وڵاتەکەیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە کۆتا کاتژمێرەکانى
دەسەڵاتى رژێمى ئەسەد، دەسەڵاتدارانى عێراق رێگەیان بە هەزاران سەربازى سوریادا
لەڕێی دەروازە سنورییەکانەوە بێنە وڵاتەکە و دواتر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بۆ
ئەوەکرد کە هاتنى ئەم سەربازانە بە رێککەوتن بوە لەگەڵ هێزەکانى سوریاى دیموکرات و
محەمەد سیاع سودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق.
190 جار خوێندراوەتەوە