سودانی باسی پەیوەندییەکانی خۆی و ئەسەد دەکات پێش روخانی

KNN : Kurdish News Network
10:29 - 19/12/2024
عێراق
+
-

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لە کەناڵی ئەلعێراقییە  رایگەیاند، "بەهۆی ئەو سیاسەتەی جێبەجێمان کرد دەرکەوت، عێراق وڵاتێکی سەرەکی و گرنگ و کاریگەرە و لە دۆخە سەختەکاندا توانیمان سەرکەوتوبین.

 

هەواڵ: KNNC

سودانی باسی لە دۆخی ناوچەکە کردوە و وتویەتی "لە مانگی نیسانی ڕابردودا لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا  باسی  گرنگی گەڕاندنەوەی پەیوەندی تورکیا  و سوریام کرد، ئەردۆغانیش ڕازی بو،  بە کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی عێراق، تورکیا و سوریا.

"سێ جار هەوڵم لەگەڵ ئەسەد دا بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لە بەغدا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، لایەنی تورکیاش بە دو مەرج بەو کۆبونەوەیە ڕازی بون؛ کەبریتی بون لە  گەڕانەوەی ئاوارەکان و روبەڕوبونەوەی پەکەکە و گروپە نزیکەکان لێوەی" سودانی ئەمەشی وتوە.

 

لەبارەی وەڵامی سوریاوە بۆ داواکارییەکەی تورکیا دەڵێت: "لایەنی سوریا پێی ڕاگەیاندین کە بەمەرجەکانی تورکیا رازین سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام دەبێت بە گشتی ڕوبەڕوی تیرۆر ببنەوە، چ لە دژی پەکەکە یان کوتلە چەکدارەکانی دیکە بێت کە نزیکن لە تورکیا.

 

سودانی دەڵێت، تورکیا بەم مەرجە رازی نەبو؛ ئەم خاڵە بوە ناکۆکی نێوان سوریا و تورکیا و هۆکار بو بۆ ئەنجامنەدانی کۆبونەوە سێ قۆڵییەکە و نەتوانرا تورکیا و سوریا دوای سێ هەوڵدان لەسەر یەک مێز کۆببنەوە، ئەم دۆخەی ئێستای بەدوادا هات.

 

وتوشیەتی دۆخی ئێستای سوریای جێی نیگەرانییە بەهۆی بونی  ڕێکخراوە چەکدارەکان و توخمە تیرۆریستییەکانی داعش، جەختیکردوەتەوە کە چاودێری جموجۆڵەکانی داعش دەکەن و لەگەڵ ئوردن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کردوە.

 

دۆخی ئێستای سوریاشی هاوشێوەی دۆخی عێراقە لە ساڵی 2003دا وەسفکردوە و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشقیش کردوە ئەوان ئەو هەڵانە نەکەن کە عێراق لە رابردودا کردویەتی.

 



 

765 جار خوێندراوەتەوە