هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:06 - 05/11/2024
کوردستان
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و كرێی بەرهەمهێنانیشی بۆ (16) دۆلار زیادكرد.


هەواڵ: (KNNC)


دوای زیاتر لە ساڵێك و هەشت مانگ لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر هەناردەكردنەوەی دراوە.


لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسم عەوادی، رایگەیاند: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا كە وەزارەتی دارایی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت رادەستی حکومەتی هەرێم بکات، حكومەتی هەرێمیش دەبێت نەوتی بەرهەمهێنراو و رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.


سەبارەت بە تێچوی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم، وتیشی: خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ (16) دۆلار زیادكراوە.


پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێچوی بەرهەمهێنانی هەربەرمیلێك نەوت بڕی داوای (20) دۆلاری دەكرد، بەڵام حكومەتی عێراق رازی نەبو و تەنها (11) دۆلاری وەك تێچو بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم دیاریكردبو.


لە (25ـی ئاداری 2023)ـدا و بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان  راگیرا کە رۆژانە (400) ھەزار بەرمیل لە ھەرێم و (75) ھەزار بەرمیلیش لە کەرکوکەوە ھەناردە دەکرا.

544 جار خوێندراوەتەوە