حکومەتی هەرێم داوا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات موچەی مانگی 10 خەرج بکات

KNN : Kurdish News Network
05:15 - 06/11/2024
کوردستان
+
-

کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆتاییهات، لە راگەیەنراوێکدا داوا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات، بە زوترین کات موچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

 

هەواڵ:KNNC

 

لە راگەیەنراوی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا هاتوە، پێویستە حکومەتی فیدراڵ لە ژێر هیچ پاساو و بیانویەک موچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و رێگری نەکات لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵکو پێویستە هاوشێوەی موچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بەبێ کەموکوڕی خەرج بکات و تێکەڵی هیچ ناکۆکییەکی نێوان هەردو حکومەت نەکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم ، سەرجەم کەموکورتی لیستەکانی موچەیان ڕاستکردوەتەوە و ناردویانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە یان ژمارەی وەزیفیی بێ هاوتایان نیە، ڕۆژی 20ی ئەم مانگە وەک دوا وادە دەستنیشانکراوە.

 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات، بەزوترین کات، موچەی مانگی 10 خەرج بکات و ڕێکاریی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ڕێکارە داراییەکان.

 

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەڵوێستی حکومەتی هەرێم نەگۆڕە کە دەبێت هەرچی زوە هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆەوە دەستپێبکاتەوە، هەروەها هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.

771 جار خوێندراوەتەوە