بیتکۆین لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەرناچێت و لەلایەن
حکومەتەکانەوە پشتگیری ناکرێ، لەبەر ئەوەشە كە سیستەمی دیاریکردنی نرخەکانی بیتکۆین ناگرێتەوە
و هۆكاری دیكە هەیە كە نرخی بیتكۆین دیاریدەكات.
ئابوری: (KNNC)
ئەگەر دەتەوێت لە شێوازی جوڵەی نرخی دراوی دیجیتاڵی تێبگەیت،
لێرەدا چوار هۆکاری بنەڕەتی کە کاریگەرییان لەسەر نرخەکانیان هەیە، کە لە راپۆرتێکی
کۆمپانیای (Investopedia) بڵاوکراوەتەوە، کە ماڵپەڕێکی ئەمریکییە و پەیوەندی بە کاروباری وەبەرهێنانەوە
هەیە دەخەینەڕو.
خواست و خستنەڕو
وەک هەمو دراوەکانی دیكە، بیتكۆین کاریگەری لەسەر پرۆسەی
خواست و خستنەڕوەوە هەیە، کە ئەوەش بنەمایەکی سەرەکی ئابورییە بۆیە ئەگەر خواست لەسەر
بیتکۆین کەم بێت نرخەکەی دادەبەزێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر خواست زۆر بێت، نرخی بیتکۆین
بەرزدەبێتەوە.
حەز بۆ زو دەوڵەمەندبون
یەکێکی دیكە لەو هۆکارانەی کاریگەری لەسەر نرخی بیتکۆین
هەیە و دەبێتە هۆی بەرزبونەوە یان دابەزینی نرخەكەی، حەزە بۆ زو دەوڵەمەندبون،
چونكە ئەو جۆرە مرۆڤانە ئاواتەخوازن بە مامەڵەکردن لەگەڵ بیتکۆین قازانجێکی خێرا بەدەستبهێنن،
بۆیە زۆر بە خێرایی و زۆرجار دەیکڕن و دەیفرۆشن، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵاوسانی
کورتخایەن لە نرخەکەیدا.
روداوە سیاسییەکان
هەندێكجار روداوە سیاسییەکانی جیهان کە هیچ پەیوەندییەکیان
بە دراوە ئەلیكترۆنییەكانەوە نەبێت، بەڵام دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بەرز یان
دابەزینی نرخەکانیانەوە هەبێت، رودانی نائارامی لە هەندێک وڵاتدا وایکردوە خەڵک دراوی دیجیتاڵی وەک بەدیلێک
بۆ ئەو دراو تەقلیدی حکومەتەکان بەکاریبهێنن، ئەمەش لە ترسی ئەوەی كە بەهۆی روداوە
سیاسییەكەوە زیانێکی دارایی بەسەریاندا بێت.
رێگری حكومەتەكان
تا ئێستا ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهان رێگری لە مامەڵەكردن
بە بیتکۆینەوە دەكەن و بەكارهێنانیان قەدەغەكردوە، ئەوەش وادەكات نرخەكەی
داببەزێت، بەڵام لە ئەو وڵاتانەی كە مامەڵەكردن بە بیتكۆینەوە یاسایی و ئاساییە،
نرخەكەی بەرزە، پێشتر لە ژاپۆن قەبارەی بازرگانی بیتکۆین تەنها لە (1%) بو، دوای بڕیاری
یاسایی بۆ مامەڵەكردن بە بیتكۆینەوە، لە هەندێك رۆژدا قەبارەی بازرگانی بۆ لە (55%) بەرزبویەوە.
ئەم جۆرە دراوانە وەک وەک بەدیلێک بۆ دراوە تەقلیدییەکان
سەیردەكرێن و حکومەتەکان پشتگیریان دەکەن، بۆیە کاتێک وەبەرهێنەران بەهۆی پێشهاتە سیاسیی
و ئابورییەكانەوە متمانە بە پارە چاپكراوەكان لەدەست دەدەن دەتوانن رو لە بیتکۆین
بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخەکان.
55 جار خوێندراوەتەوە