"تیرۆرستان توانای بەزاندنی سنوری عێراقییان نییە"

KNN : Kurdish News Network
06:38 - 10/12/2024
عێراق
+
-

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە هیچ مەترسییەك لەسەر سنورەكانی نێوان عێراق و سوریادا نییە و "تیرۆرستان" توانای بەزاندنی سنوری وڵاتیان نییە.


هەواڵ: (KNNC)


رەفیق ساڵحی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: دوای ئەوەی هێزەچەكدارە "تیرۆرستەكان" توانیان دەست بەسەر سوریادا بگرن، سنورەکانی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ سوریادا لە (100%) پارێزراون و هیچ مەترسییەك لەسەر پێشێلکردنی نییە.


وتیشی: پاسەوانانی سنور و هێزە سەربازییەكانی وڵات بۆ هەمو بارودخێك ئامادەكراون و پارێزگاری لە سنور دەكەن، بۆیە هیچ مەترسییەك لەسەر پێشێلكاری نییە لەلایەن "گروپە تیرۆرستییەكان" بكرێتە سەر سنوری هاوبەشی نێوان  عێراق و سوریا.


رونیكردوەتەوە، لیژنەی بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوام بەدواداچون بۆ پێشهاتەکان دەکات و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان لە هەمو کەرتەکانی ئۆپەراسیۆنەکاندا كۆبونەوەی كردوە و دڵنیایی تەواویان داوە كە رۆڵەكانی وڵات بۆ هەمو ئەگەرەكان ئامادەن.


ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ رێگریكردن لە دوبارە بونەوەی روداوەكانی ساڵی (2014) هێزە ئەمنییەكان ژمارەیان زیادی كردوە، ئەوەش وایكردوە كە تواناکانی هێزە عێراقییەكان لە ئاستێكی بەرزتردابێت، بۆیە تیرۆرستان توانای بەزاندنی سنوری وڵاتیان نییە.

108 جار خوێندراوەتەوە