ئەسەد هەڵاتنی بۆ كەس ئاشكرا نەكردوە و فێڵی لە سوپا و هێزە ئەمنییەكانی
وڵاتەكەی كرد و پێ وتن خۆڕاگربن هاوكارییەكانی روسیا بەڕێوەیە.
هەواڵ: (KNNC)
لە راپۆرتێكدا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بڵاویكردەوە؛ ساتی هەرەسهێنانی
دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا پلانی هەڵاتنی لەلای كەس نەدركاند و تەنانەت
فێڵی لە یاریدەدەرەكانی و بەرپرسان و تەنانەت كەسە نزیكەكانیشی كرد.
ئەوەشیخستوەتەڕو، چەند كاتژمێرێك پێش هەڵهاتن بەرەو مۆسكۆ، ئەسەد لەگەڵ ژمارەیەك
لە سەركردەكانی سوپا و ئاسایش و هێزە ئەمنییەكانی وەزارەتی بەرگری، كۆبوەتەوەو پێی وتون؛ خۆڕاگربن
و پشتیوانی روسیا بەڕێوەیە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا
پلانی چونە دەرەوەی لە ماهیر ئەسەد، فەرماندەی فیرقەی چواری زریپۆش شاردوەتەوە، تەنانەت
پەیوەندی بە راوێژكارە رۆژنامەوانیەكەیەوە كردوە كە وتارێكی بۆ ئامادە بكات، بەڵام كاتێك راوێژكارەكەی
گەیشتوەتە نوسینگەكەی ئەسەد لەوێ نەمابوە.
رۆژنامەكە راشیگەیاندوە: بۆ چونە دەرەوەی ئەسەد لە سوریا، بەرپرسیانی روسیا
توانای خۆیان خستەگەڕ، تەنانەت مۆسكۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەماهەنگی كرد بۆ بەئامانج
نەگرتنی ئەو فرۆكە روسییەی كە ئاسمانی سوریا بەجێدەهێڵێت و ئەسەد دەگوازێتەوە.
513 جار خوێندراوەتەوە