فەرهاد شامی: ئاگاداری پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا نین

KNN : Kurdish News Network
09:00 - 05/02/2025
کوردستان
+
-

دوای ئەوەی لەلایەن دو بەرپرسی پنتاگۆنەوە پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایان لە سوریا ئاشکرا کرد، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت: ئاگاداری هیچ پلانێک نین بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە باکور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: لەلایەن ئەمەریكاوە ئاگادرا نەكراونەتەوە كە پلانی كشانەوەیان لە تەواوی سوریا یان باکور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیان هەبێت، ئەگەر پلانێكی وا هەبێت داعش و گروپە تیرۆریستییەكانی دیكە دەست بە چالاكییەكانیان دەكەنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی ساڵی (2014).

 

وتیشی: ئەگەر ئەمەریكا خاكی سوریا بەجێبهێڵن، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەرگری سەرسەختانە لە ناوچە ئازادكراوەكان و دەستكەوتەكانی دەكات.

 

پێشتریش، لەیلا موسا بەرپرسی باڵا لە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بەكەناڵی عەرەبییەی راگەیاندوە: لە جەنگ دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، هەسەدە و ئەمەریكییەكان هاوپەیمانی بون و بەردەوامیش دەبن.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەگەر هێزەكانی ئەمەریكا سوریا بەجێبهێڵن دۆخی وڵاتەكە تێكدەچێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەدان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بمێنننەوە تا دۆخی سوریا سەقامگیربێت.

 

میدیا ئەمەریكییەكان ئاشكرایانكرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسە نزیكەكانی ویستیان خۆیان لەسەر كشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایان لە سوریا دەربڕیوە، ئەمەش وایکردوە بەرپرسانی پنتاگۆن پلانی كشانەوەیان لەنێوان (30 بۆ 90) رۆژدا داڕشتوە.

591 جار خوێندراوەتەوە