دواى زیاتر لە چوار مانگ لە بەڕێوەچونى
هەڵبژاردنەکان، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە میونشنى ئەڵمانیاوە باسى لە پێکهێنانى
کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد و لەبارەى هاتنى شاندى ئیمراڵیشەوە وتى:
هیوادارین پەیامەکەیان ئاشتى بێت.
هەواڵ:KNNC
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە
کۆنفرانسى ئاسایش بە میونشنى ئەڵمانیا کۆنگرەیەکى ئەنجامدا و رایگەیاند؛ دەرفەتێک
بوە دور لە پرۆتۆکۆلات و لە ماوەیەکى کەمدا زۆرترین کەس ببینن و بیروبۆچونى خۆیان
بگەیەنن و چەندین دیدار ئەنجام بدەن.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە لەئێستادا لەگەڵ
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە گفتوگۆیەکى جددیدان بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەمى
حکومەتى هەرێمى کوردستان و تا ئێستاش بۆ ئەو مەبەستە چەندین دیداریان ئەنجامداوە
لەسەر ئەو بنەمایەى چۆن لەداهاتودا لە یەک حکومەتدا بەیەکەوە کار بکەن.
وتى: هیوادارین لەماوەیەکى نزیکدا لەگەڵ
یەکێتى بگەینە رێککەوتن و کۆبونەوە بۆ دابەشکردنى پۆستەکان لەگەڵ ئەو لایەنە و
پێکهاتەکانى بەشدار لە حکومەت ئەنجام بدەن.
لەبارەى هاتنى شاندى ئیمراڵى بۆ هەرێمى
کوردستان، نێچیرڤان بارزانى ئاشکرایکرد کە چاوەڕێ دەکەن بزانن پەیامى شاندى
ئیمراڵى چییە و وتى: پێمانوایە پەیامى ئاشتىو سەقامگیرییان پێبێت بۆ تورکیا و پەکەکە و هیوادارین گوێبیستى بانگەشەى ئاشتى بین
لەلایەن ئۆجەلانەوە و پەکەکەش هەڵوێستى هەبێت و پێشوازى لە پەیامى ئۆجەلان بکات.
جەختیشى کردەوە کە کێشەى کورد لە تورکیا بە
سیاسیى چارەسەر دەکرێت نەک بە چەک.
لەبارەى دۆخى ئێستاى سوریاشەوە وتى: هیوادارین
ئەحمەد شەرع بتوانێت فاکتەرێک بێت بۆ سەقامگیریی سوریا و گرنگترین شت ئەوەیە هەمو
پێکهاتەکان لە حکومەتى نوێدا بەشدار بن و بە لایەنە کوردییەکانیشمان وتوە کە
پێویستە بەیەکەوە بچنە دیمەشق.
166 جار خوێندراوەتەوە