روسیا: 1100 کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە خاکی کۆرسک وەرگرتوەتەوە و 430 سەربازی ئۆکرانیشمان بە دیل گرتوە

KNN : Kurdish News Network
11:13 - 12/03/2025
جیهان
+
-


سەرەڕای نزیکبونەوە لە ئاگربەست، بەڵام ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، سەردانی کورسکی کردو  فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد؛ بەتەواوەتی ناوچەکە لە هێزەکانی ئۆکرانیا پاک بکەنەوە و سوپای وڵاتەکەش رایدەگەیەنێت؛ 1100 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە سەربازانی ئۆکرانیا پاک کردوەتەوە.

هەواڵ: KNNC


ئەمڕۆ چوارشەممە پوتین لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا بۆ وڵاتەکەی ڕایگەیاند؛ پێشبینی دەکەم تەواوی ئەو ئەرکانەی بۆ سوپاکەمان داناوە وەک خۆی جێبەجێبکرێت و بەم زوانە خاکی هەرێمی کورسک بە تەواوی لە دەستی دوژمن ڕزگار بکرێت.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزەکانی ڕوسیاش، ڕاپۆرتێکی پێشکەش پوتین کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە "هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا زیاتر لە هەزار و 100 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە ئۆبلاستی کورسک کە دەکەوێتە سەر سنوری ئۆکرانیا بەدەستهێناوەتەوە".

هەروەها سەرۆکی ئەرکانی گشتیی، ڤالێری جیراسیمۆڤ ڕایگەیاند؛ کە هێزەکانی ڕوسیا تا ئێستا 430 سەربازی ئۆکرانیایان لە ناوچەکەدا بە دیل گرتوە، لە بارەی دیلەکانەوە پوتین جەختیکردوەتەوە  کە پێویستە "وەک تیرۆریست، بەپێی یاساکانی فیدراسیۆنی ڕوسیا" مامەڵە لەگەڵ دیلەکاندا بکرێت، بەمەش بە ئەگەری زۆرەوە دەبرێنەوە بۆ دادگاکانی روسیا و لەوێ دادگای دەکرێن.

لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردودا هێزەکانییان توانیویانە 24 گوند لە ئۆبلاستی کورسک بەدەستبهێننەوە، کە پێشوتر  ئۆکرانیا داگیری کرد بو،  ئەمەش لە ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی ئەرکانی گشتییدا هاتوە کە داویەتی بە پوتین.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی سپۆتنیکی روسی، هێزەکانی ڕوسیا جگە لە بەدەستهێنانەوەی زیاتر لە هەزار و 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچە سنوورییەکانی کورسک، توانیویانە زەبرێکی کوشندە لە ئۆکرانیا بدەن و تا ئێستا کیێف زیاتر لە 67 هەزار سەربازیان لەو ناوچەیە  لەدەستداوە.

1140 جار خوێندراوەتەوە