میسر پلانێکی داڕشتوە
بۆئەوەی بەبێ ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان کەرتی غەززە ئاوەدان بکاتەوە، ئەوەش وەک
کاردانەوەیەک بۆ پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ کە داوای چۆڵکردنی کەرتی غەززەی کردبو.
هەواڵ:KNNC
رۆژنامەی ئەلئەحرامی میسری
بڵاویکردەوە، پلانەکەی میسر بریتییە لە دامەرزاندنی "ناوچەیەکی سەلامەت"
لەناوخۆی غەززە بۆئەوەی فەڵەستینییەکان بەشێوەیەکی کاتی تێیدا بژین، لەهەمانکاتدا
کۆمپانیا میسری و نێودەوڵەتییەکان کەرتی غەززە ئاوەدان دەکەنەوە.
بەرپرسانی میسر، سعودیە،
قەتەر، ئیمارات و ئوردن، لەم هەفتەیەدا لە کۆبونەوەیەکدا لە ڕیاز، پێشنیارەکە تاوتوێ
دەکەن، پلانەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێدەکرێت و ماوەی پێنج ساڵ دەخایەنێت.
هەروەها، بەپێی پلانەکە
سێ ناوچەی سەلامەت لەناو کەرتی غەززە بۆ فەڵەستینییەکان دروستدەکرێت، کە خانوی
گەڕۆک و شوێنی حەوانەی تێدا دەبێت، هاوکات زیاتر لە 20 کۆمپانیای میسری و
نێودەوڵەتی بەشداری لە بونیادنانەوەی غەززە دەکەن، ئاوەدانکردنەوەکەش دەبێتەهۆی
دابینکردنی دەیان هەزار هەلی کار بۆ دانیشتوانی کەرتەکە.
رۆژنامه میسرییەکە باسی
لەوەکردوە، ئامانجی پێشنیازەکەی میسر پوچەڵکردنەوەی قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا و هەر
پلانێکی دیکەیە کە ئامانجی گۆڕینی پێکهاته جوگرافی و دیمۆگرافییەکانی کەرتی غەززە
بێت.
66 جار خوێندراوەتەوە