مامۆستایانی ناڕازی: متمانەمان بە "هەژماری من" نییە

KNN : Kurdish News Network
04:27 - 20/02/2025
کوردستان
+
-

مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن: چارەسەرنەکردنی کێشەی موچە، پەیوەندی بەتەوتین نەکردنەوە هەیە و رۆژی یەكشەممەش بەئەنجامدانی چالاکی جیاوازی بەردەوامی بەبایكۆت دەدەن جەخت دەكەنەوە؛ متمانەیان بە "هەژماری من" نییە.


هەواڵ: (KNNC)


کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم نوسینگەی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە سلێمانی رایانگەیاند: هۆکاری سەرەکیی چارەسەرنەکردنی کێشەی موچە، پەیوەندی بەتەوتین نەکردنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوەیە، بۆیە داواکارن موچەکانیان لەرێگای بانکە حکومییەکانی عێراقەوە دابەشبكرێت.


ئاماژەیان بۆ ئەوەشكرد، ماوەی چەندین ساڵە موچەخۆرانی هەرێم دوچاری دابەشنەکردن و دواکەوتنی موچەکان بونەتەوە، بێجگە لە ئەوەی (2016)ـوە پلە بەرزکردنەوە راگیراوە، ئەمەش هۆكاری بۆ ئەوەی كە  لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین لەگەڵ قەزای کۆیە دەرگای قوتابخانەکان دابخرێت و مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكەن.


لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رونیانكردەوە، بڕیاری بایكۆتكردن، بڕیارێكی خۆرسکانەی مامۆستایانە و  پەیوەندی بەهیچ لایەنێکەوە نییە، بۆیە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوشدا بەئەنجامدانی چالاکی  جیاوازی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەردەوامی بەبایكۆت دەدەن.


هەروەك ئەوەشیان خستەڕو، ساڵێک بەسەر بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ تەوتیكرنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆی ریگریكردن لەتەوتین لەبانکە حکومییەکانی عێراق تا ئێستا پڕۆسەكە ئەنجام نەدراوە، جەختیان كردەوە؛ دەیانەوێت موچەکانیان لەرێگای بانکە حکومییەکانی عێراقەوە وەربگرن.


مامۆستایانی ناڕازی راشیانگەیاند: متمانەیان بە "هەژماری من" نییە و داواکارن هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكەی عێراق تەوتینی موچەكانیان بکرێت و لەلایەن بەغدادەوە راستەوخۆ موچە بخرێتە سەر هەژمارەكانیان.

211 جار خوێندراوەتەوە