سبەینێ قۆناغی یەکەم تەواو دەبێت؛ ئیسرائیل درێژکردنەوەی دەوێت و حەماسیش قبوڵی نییە

KNN : Kurdish News Network
03:35 - 28/02/2025
جیهان
+
-


ئەمڕۆ هەینی، شاندی ئیسرائیل بۆ پرسی قۆناغ دوەمی ئاگربەست گەشتنە قاهیرە، لای خۆیەوە  حەماس پابەندبوونی تەواوی خۆی بە جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بە هەمو قۆناغ و وردەکارییەکانی لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەم و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان راگەیاند، بەڵام ئیسرائیل شتێکی دیکەی دەوێت.

هەواڵ:KNNC

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغی دوەمی ئاگربەست، ئیسرائیل و قەتەر و میسر لە قاهیرەی پایتەختی میسر کۆبونەوە، حەماسیش پابەندبونی خۆی راگەیاند و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە تەواوی پابەند بێت بە ڕۆڵی خۆی لە ڕێککەوتنەکەدا و دەستبەجێ بچێتە قۆناغی دوەمی ڕێککەوتنەکە "بەبێ هیچ دودڵی و خۆدزینەوەیەک".

لەبەرامبەردا دوو سەرچاوەی ئەمنی میسری ئاشکرایان کرد کە شاندی ئیسرائیل لە قاهیرە هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەدات بۆ درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بۆ ماوەی 42 ڕۆژی دیکە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستۆتەڕو، حەماس هەوڵەکانی ئیسرائیلیان بۆ  درێژکردنەویە قۆناغی یەکەم ڕەتکردوەتەوە، دەیانەوێت ئەوەی پێشوتر ڕێکكەتنی لەسەر کراوە وەک خۆی جێبەجێبکرێت و سبەینێ قۆناغی دوەم ڕێکكەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بەرامبەردا، ئیسرائیل نایەوێت بچیتە قۆناغی دوەمەوە بە بێ چەک دانانی حەماس، بەگوێرەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، لایەنی ئیسرائیلی دەیەوێت باس لە ئایندەی غەززە بکات و حەماس چەک دابنێت و دەسەڵاتی نەمێنێت بەسەر غەززەدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاندبو کە پرسی قۆناغی دوەمی ڕێککەوتنە سێ قۆناغیەکە بۆ ئیسرائیل جێهێڵراوە و جەختیشی لە پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵوێستی ئیسرائیل کردوەتەوە هەر بڕیارێک بدات.

سبەینێ شەممە، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە کۆتای دیت و  گفتوگۆکان لە قاهیرە بەردەوامن، لەم قۆناغەدا 33 بارمتەی ئیسرائیلی بەرامبەر بە نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەلەستینی، ئازادکران و لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە هەندێک شوێن لە غەززە و رێگەدان بە چونی هاوکارییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە.

بە پێی زانیارییەکانی ئیسرائیل نزیکەی 58  هاوڵاتی تری وڵاتەکە لە غەززە و لە ژێر دەسەڵاتی حەماسدا ماونەتەوە و لەو ژمارەیەش  ئیسرائیل پێی وایە 35 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

35 جار خوێندراوەتەوە