پۆلیسی راپەڕین: شەش كەسمان بەتۆمەتی دزیكردن دەستگیركردوە

KNN : Kurdish News Network
07:56 - 04/03/2025
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین دەستگیركردنی باندێكی شەش كەسی راگەیاند كە دزیانكردوە، هەروەها بەنیازی تاوانی دیكە رویان لە سلێمانی كردوە.


هەواڵ: (KNNC)


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، بڵاویكردەوە؛ دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردو، دو ھاوڵاتی لە نوسینگەی نەھێشتنی تاوانی رانیە سکاڵایان تۆمارکرد کە بە وتەی خۆیان "ھەردوکیان ماتۆڕسکیلە سێتەگەریەکەیان لێدزراوە"  دەستکرا بە لێکۆڵینەوە لە روداوەكە.


ئاشكرایكردوە، دوای رێکخستنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە و بەدەستهێنانی زانیاری و ئاشکراکردنی ناسنامەیان، لە لایەن هێزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە بە هاوکاری بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی ڕاپەڕین و بنکەی پۆلیسی بالیسان توانرا شەش تۆمەتبار دەستگیربكەن.


ناو و شوێنی نیشتەجێبونی تۆمەتبارەكانی لااگەیاندوە و رونیكردوەتەوەكە، تۆمەتباران بەناوەكانیان (ئـ . ڕ) دانیشتوی حاجیاوا، (ڕ . ح)  دانیشتوی سەروچاوە، (ز . م) دانیشتوی بالیسان، ( ت . م) دانیشتوی بالیسان، (ع . ڕ) دانیشتوی بالیسان و ( د س) دانیشتوی حاجیاوایە و پێش دەستگیرکردنیان بەنیازی تاوانی دیكەی دزیکردن بون لە سلێمانی.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، دوای دەستگیرکردنیان و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا لە بەردەم پۆلیس و دادوەردا دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا، دواتر بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی (443) لە یاسایی سزادانی عیراقی راگیرکران و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.

187 جار خوێندراوەتەوە