نەبونى دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان تەندروستى سلێمانى هێنایە دەنگ

KNN : Kurdish News Network
11:34 - 06/03/2025
کوردستان
+
-

لە بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکانى شارى سلێمانی، کێشەی کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان هەیە، بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانیش دەڵێت: تا ئێستا وەزارەتی تەندروستی هیچ گرێبەستێکی بۆ دابینکردنیان نەکردوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

دکتۆر سەباح هەورامى، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەمو ساڵێک پارەى خەرجکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، دوادەکەوێت، لە ئێستادا بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە، کێشەی نەبونی دەرمان لە نەخۆشخانەکاندا دروست بوە.

 

وتیشی: داوا لە حکومەتی هەرێمى کوردستان دەکەن بە زوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، چونکە نەبونی دەرمان لە نەخۆشخانەکاندا کێشەیەکی گەورەیە.

 

بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسى لەوەش کرد، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە داوایان لە وەزارەتى تەندروستى کردوە پارەیان بۆ دابین بکات، بەڵام تا ئێستا پارەیان بۆ خەرج نەکراوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی دو هەفتەیە، پێداویستییەکانى وەرگرتنى خوێن لە بانکى خوێنى سلێمانى، نەماوە و بەوهۆیەوە وەگرتنى خوێن راگیراوە.

128 جار خوێندراوەتەوە