روانگەی سوری
ئاشکرایکرد، لە ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردوی سوریا نزیکەی هەزار هاوڵاتیی
مەدەنی شەهیدبون، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، رێکاری بەپەلە بگیرێتەبەر
بۆ کۆتاییهێنان بەو کۆمەڵکوژییانەی ئەنجامدەدرێن.
هەواڵ:KNNC
روانگەی سوری بۆ مافەکانی
مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد لە ماوەی سی رۆژ لە دەستپێکردنی هێرشەکانی
حکومەتی کاتی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی کەناراوەکانی سوریا 40 کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە،
هەروەها ژمارەی ئەو هاوڵاتییاە مەدەنییانەی لەو روداوانەدا کوژراون گەیشتە 973
کەس.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەدا
هاوڵاتییانی عەلەوی روبەڕوی کوشتنی بە کۆمەڵ و سوتاندنی ماڵ و ئاوارەبونی
زۆرەملێ بونەتەوە، هۆشداریش دەدات لەئەگەری بەدەنگەوەنەهاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
بۆ وەستاندنی ئەو کۆمەڵکوژییانەی ژمارەی کوژراوان بەخێرایی زیاد دەکات.
لەسەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان 545 هاوڵاتیی لە لازقیە، 262 لە تەرتوس، 156 کەس
لە حەمما، 10 کەس لە حومس کوژراون.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی
مرۆڤ داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر و تیمی لێکۆڵینەوەی
تایبەت بنێرن بۆ دۆکیۆمێنتکردنی ئەو پێشێلکارییە جیددیانەی ئەنجامدراوە.
52 جار خوێندراوەتەوە