بەمەبەستی كەمكردنەوەی ململانێكانی باكوری سوریا، ئەمەریكا
هانی هێزەكانی سوریا دیموكرات (هەسەدە)ـی داوە بۆ ئەوەی رێككەوتنە "مێژوییەكە"
لەگەڵ دیمەشق ئەنجام بدات.
هەواڵ: (KNNC)
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشكرایكرد؛ لە شەش سەرچاوەی
ئەمەریكاوە زانیاری پێگەیشتوە كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا هانی هێزەكانی
سوریای دیموكرات (هەسەدە)ـی داوە بۆ رێككەوتنە "مێژوییەكە" ئەوەش
بەمەبەستی كەمكردنەوەی ململانێكان لە باكوری سوریا و بەدەستهێنانی دڵنیایی لە
هێزەكانی ئەمەریكا كە لەو ناوچە جێگیری كردون.
بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاندوە: ژەنەڕاڵ
مایکل کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، هاوکار بوە بۆ هاندانی هێزەکانی
سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەرەو رێککەوتنەکە.
رونیكردوەتەوە؛ ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە داڕشتنەوەی
دەوڵەتی سوریایە كە ماوەی (14) ساڵە بەهۆی جەنگەوە پارچەپارچە بوە، رێكەوتنەكەی
هەسەدە و دیمەشق رێگا خۆش دەكات بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی ئۆرگانەكانی حكومڕانی كورد
كە هەسەدە تیایدا باڵادەستە لەگەڵ دیمەشق یەكبگرنەوە، بەڵام تا ئێستا وردەكارییە
سەرەكییەكانی میكانیزمی یەكگرتنەوەكە رون نین.
ئەوەیخستوەتەڕو، رۆژی دوشەممەی رابردو، بۆ واژۆكردنی
رێككەتنەكەی نێوانیان ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای
دیموكرات بە فڕۆكەیەكی سەربازی ئەمەریكی سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا بۆ
قوناغی راگوزەری لە دیمەشق كردوە.
لای خۆشیەوە دیپلۆماتکارێک لە دیمەشق بە ئاژانسەكەی وتوە،
پێشبینی دەكات رێککەوتنەكە گوشارە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر هەسەدە كەمبكاتەوە،
چونكە ئەنقەرە بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی کوردستان (PKK)ـی
دەزانێت و كە بەلای توركیاوە پارتێكی قەدەغەکراوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز راشیگەیاندوە: دوای واژۆكردنی
رێككەوتنەكەی هەسەدە و دیمەشق، تورکیا پێشوازی لەو رێککەوتنەكەی نێوانیان کرد، لای
خۆشیەوە بەرپرسێکی حکومەتی سوریا رایگەیاند: سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کار بۆ چارەسەرکردنی
کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هێزەکانی (هەسەدە) و تورکیا دەکات.
161 جار خوێندراوەتەوە