ئەمڕۆ شەممە، ئینستتیوتی
پەی، راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانی لە خولی گرێدانی
پاییزە(لە 1ی ئەیلولی 2022 بۆ 28ی شوباتی 2023)، بڵاوكردەوەو دەڵێت" سەرەڕای
ئەوەی پەرلەمان تەمەنى خۆى درێژکردەوە، کەچى زیاد لە چوار مانگ بەسەر درێژکردنەوەکەشیدا
تێپەڕیوە تا ئێستاش هیچکام لەو ئەرکانەى بەجێنەگەیاندوە کە تەمەنى خۆى بۆ درێژکردەوە،
جەختیش دەکاتەوە کە پەرلەمان بێڕۆڵکراوە و بۆ هیچ پڕۆژەیەکى گرینگ ناگەڕێنەوە بۆ
پەرلەمان.
هەواڵ: KNNC
پەی لە سەرەتای
راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە پەرلەمانى کوردستان31 ساڵ تەمەنییەتى، بەڵام خول
لەدواى خول رێژەى بەشداریی دەنگدەران لە دابەزیندایە.
دەشڵێت: هیچ کام
لە خولەکانى پەرلەمان لەکاتى خۆیاندا هەڵبژاردنیان ئەنجام نەداوە، لە بوارى یاساداناندا
لە پاشەکشەدایەو چاودێری لاوازە، ساڵانێکە یاساى بودجە نییەو هیچ لێپێچینەوەیەکى لە
دەسەلاتى جێبەجێکردن نەکردوە.
هەروەک ئەوەشى
خستووەتەڕو، پەرلەمان بەشێوەیەک بێڕۆڵکراوە بۆ هیچ پرسێکى چارەنوسساز بۆى ناگەڕێنەوەو
رۆژ لەدواى رۆژ رۆڵى ئەم دامەزراوە گرنگە بێبایەخ تر دەکرێت.
پەى رونى
کردووەتەوە، لە خولى گرێدانى پاییزەدا، پەرلەمان کەمترین دانیشتنى کردوە، داتاکان
لەم راپۆرتەدا بەردەستن کە بە مانگ کۆنەبۆتەوە، سەربارى ئەمە تەمەنى خۆیشى درێژکردەوەو
نەیتوانى ئامادەکارى بکات لەو ئەرکانەى دەکەوتنە سەر شانى تا هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا
ئەنجامبدرێت، جگە لەوەى تەمەنى خۆى درێژکردەوە، کەچى زیاد لە چوار مانگ بەسەر درێژکردنەوەکەشیدا
تێپەڕیوە تائێستاش هیچکام لەو ئەرکانەى بەجێنەگەیاندوە کە تەمەنى خۆى بۆ درێژکردەوە.
بەپێى
راپۆرتەکەى پەى، نە یاساى هەڵبژاردن هەموارکراوە، نە کۆمسیۆن کارا کراوەتەوە، نە تۆمار
پاک کراوەتەوە، نە هیچ کام لە رێکارەکانى هەڵبژاردن گیراوەنەتە بەر، کە ئەمانە
کۆمەڵێک کارى گرنگن کە دەبوو پەرلەمان ئەنجامى بدایە.
ئاماژەی بەوەشداوە،
دەبوایە لە خولى گرێدانى پاییزەدا پەرلەمان (51) دانیشتنى بکردایە، بەڵام ئەو بەلێنەیان
بەجێ نەهێنا، تەنها (15) جار کۆبونەوە.
راپۆرتەكە هێمای
بۆ ئەوەش كردوە كە کۆی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 28/2/2023) واتە بە
(چوار ساڵ و سێ مانگ و بیست و چوار رۆژ)، تەنها (114) دانیشتن کراوە، ئەمە لەکاتێکدا
بەپێى پەیڕەو دەبوایە بەلای کەمەوە (331) کۆبونەوەى ئەنجامبدایە.
ئاشكراشیكردوە كە
"ئەندامانی پەرلەمان لەم شەش مانگەدا هیچ بیرۆکەیان پێشکەش نەکردوە."
ئینستتیوتى پەى رونى کردووەتەوە، لەم خولى
گریدانەدا، پەرلەمان تەنها
(6) یاساى پەسەند کردوە، کە تا ئێستاش (5) لەو یاسایانە لە وەقائیعى کوردستان بڵاو
نەکراونەتەوە.
"حکومەت
(10) ساڵە پرۆژەى بودجەو (12)ساڵە ژمێرەى کۆتایی بۆ پەرلەمان نەناردوەو چوار ساڵە
پەرلەمان ژمێرەى کۆتایی بودجەى خۆى نەخستۆتە بەردەم ئەندامەکانى"، ئەمە بەپێى
راپۆرتەکەى پەى.
لەبارەى دانوستانەکانى نێوان هەولێر و
بەغداد، پەى ئاماژەى بەوەکردووە کە دەبوایە پەرلەمان مەرجەع و کۆکەرەوە بووایە،
بەڵام وادەرنەکەوتووە.
لەبارەى
ئامادەبونى پەرلەمانتارانیش لە دانیشتنەکان، پەى ئاشکراى کردووە،لەم
خولەى گرێدانەدا (10) پەرلەمانتار ماوەى شەش مانگ لە دانیشتنەکاندا (هیچ) قسەیەکیان
نەکردوەو هیچ بەشدارییەکیان نەبوە."
147 جار خوێندراوەتەوە