ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەران
رایدەگەیەنێت: عێراق ناتوانێت بەرپەرچی هێرشە ئاسمانییەکان بداتەوە و ئەمەریكاش ئامادەكاری
دەكات ئیسرائیل ئاسمانی عێراق پێشێل بکات.
هەواڵ: (KNNC)
محەمەد شەمەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لەبەر ئەوەی وەزارەتی بەرگری خاوەنی سیستەمی
پێشكەوتوی بەرگری ئاسمانی نییە، ناتوانێت بەرپەرچی هێرشە ئاسمانییەكانی سەر وڵات
بداتەوە.
وتیشی: ئەركی پاراستنی ئاسمانی عێراق، لە ئەستۆی هێزەكانی
ئەمەریکادایە، بەڵام ئەمەریكا ئامادەكاری دەکات بۆ ئەوەی هەركاتێك ئیسرائیل بیەوێت
پێشێلكاری بكاتە سەر عێراق، هەروەک چۆن پێشتر رێگەی دا لە خاکكەیەوە هێرش بکرێتە سەر
كۆماری ئیسلامی ئێران.
لەبارەی هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر عێراق، وەزارەتی
دەرەوە نامەیەكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سكرتێری گشتی نەتەوە
یەكگرتوەكان، كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی دەكات و تیادا جەخت
دەكاتەوە كە عێراق پایەیەكی سەقامگیرییە لە ناوچەكەو جیهاندا هەروەها یەكێكە لە ئەو دەوڵەتانەی كە پابەندبوە بەپرەنسیپەكانی
پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە.
رونیشیكردوەتەوە، ئەو نامەی ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی
ئاسایشی ناردوە، بەشێكە لە سیاسەتێكی رێكخراو بۆ دروستكردنی چەند پاساوێك بەئامانجی
بەرفراوانكردنی روبەری جەنگ لە ناوچەكە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوشكردوە، لەسەر بەكارهێنانی
ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ، عێراق دان بەخۆداگرتوبوە،
هەروەك داواشی كردوە؛ هەوڵە نێودەوڵەتییەكان چڕبكرێنەوە بۆ راگرتنی هێرشەكانی
ئیسرائیل لە ناوچەكەدا و گەرەنتیكردنی رێزگرتن لە یاساو پەیماننامە
نێودەوڵەتییەكان.
255 جار خوێندراوەتەوە