ژنانی ئەفغانستان بۆ رزگاربون لە تاڵیبان پەنا بۆ ترەمپ دەبەن

KNN : Kurdish News Network
10:33 - 23/11/2024
جیهان
+
-

 کۆمەڵێک ژنی خۆپیشاندەران و چالاکانی مافی مرۆڤی ئەفغانی، نامەیەکی کراوەیان بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا نووسیوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی دۆحە لەگەڵ تاڵیبان و لێپرسینەوە لە سەرکردەکانیان دەکەن لە دادگا نێودەوڵەتییەکان.

 

هەواڵ: KNNC

 

پێگەی بی بی سی _فارسی بڵاویکردوەتەوە نامەکە بە زمانەکانی ئینگلیزی، فارسی و ئەفغانی (پشتو) نوسراوە، ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپیان کردوە، وەک واژۆکاری سەرەکی ئەم ڕێککەوتنە لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا.

 

ناوەڕۆکی نامەکە ئەوە لە خۆ دەگرێت، کە ڕێککەوتننامەی دۆحە لەبری دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری، دەسەڵاتی زیاتری بە تاڵیبان بەخشیوە و گەلی ئەفغانستان بەتایبەتی ژنانی لە پرۆسەی بڕیاردان دورخستوەتەوە.

 

ئەوانەی نامەکەیان نوسیوە 20 ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی ژنان و مافی مرۆڤن و جەختیان لەوە کردوەتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە بوەتە هۆی "سەرکوتکردنی بەرفراوانی ژنان و کچان، پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان، لەوانەش مافی خوێندن، دامەزراندن و ئازادییەکانی تاک".

 

لەم نامەیەدا ئاماژەیان بەوەشداوە کە "تاڵیبان بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی مەدەنی و سەرکردە ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگاکە، کەشی ڕاگەیاندن و کۆمەڵایەتی ئەفغانستانی سەرکوت کردوە و بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییەکانیان پشت بە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەبەستن".

 

ساڵی 2020 ئەمەریکا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕێکەوتننامەی ئاشتیان واژۆ کرد و بەگوێرەی ئەو رێکەوتننامەی کە ناوی لێنراو بو دەوحە، ئەمریکا هێزەکانی کشاندەوە و لەبەرانبەردا بزوتنەوەی تاڵیبان بەڵێنی دا، لەگەڵ حکومەتی کابوڵ دەستبکات بەدانوسان، بەڵام دەرئەنجامەکان وادەرنەچون، تاڵیبان بە هێز هاتە سەر حوکم و حکومەتی ئەوکاتی کابوڵی روخاند.

168 جار خوێندراوەتەوە