وردەکاری دەربارەی ئەو شوێنەی بەغدادی تێدا کوژرا

KNN : Kurdish News Network
03:18 - 29/10/2019
جیهان
+
-

رۆژی یەکشەممە، لە ئۆپراسیۆنێکدا، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە گوندی باریشای هاوسنوری سوریا و تورکیا کوژرا و دوێنێ میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، پاشماوەی تەرمەکەی بەغدادی فڕێدراوەتە ناو دەریاوە.

دیجیتاڵ میدیای KNN لەم راپۆرتەدا وردەکاریی شوێنی کوشتنی بەغدادی و رۆڵی گەورەی هەواڵگری هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ئۆپراسیۆنەکەدا رووندەكاتەوە.

ئەو شوێنەی بەغدادی تێدا کوژرا:
دوای راگەیاندنی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، بەغدادی لە ماڵێک لە گوندی باریشا لە ئیدلیبی سوریا کوژراوە. ئەو گوندە لە پارێزگای ئیدلیبدایە و دەکەوێتە سەر سنوری نێوان سوریا و تورکیا و تەنها چەند کیلۆمەترێک لە شاری هەتای تورکیاوە دوورە.

پارێزگای ئدلیب:
پاریزگای ئدلیب لە سوریا تاکە پارێزگاو ناوچەیە کە لە دەست هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری و هاوکاری دەکرێن و بە چەکدارانی سەربە تورکیا دەناسرێن.

لە پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا ژمارەی دانیشتوانی ئدلیب نزیکەی یەک ملیۆن و نیو بوو و ئێستا بەهۆی ئاوارەبوونی ناوچەکانی دەوروبەریەوە ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی سێ ملیۆن کەس.

ئەو پاریزگایە بە تەواوی لە ژێر دەستی ئەو چەکدارانەدایە و هاوسنوری پارێزگای هەتای تورکیایه‌، بێجگە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنورەکەی لەلایەن سوپای تورکیاوە، بە درێژایی سنوری ئەو پارێزگایە، ١٣ بنکە و خاڵی چاودێری دیکەی سوپای تورکیا هەیە و بە تەواوی کۆنترۆڵی پارێزگاکە لە ژێر دەستی تورکیا دایە.

هەسەدە لەسەر کوشتنی بەغدادی لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی سەربە تورکیا چی دەڵێت؟
دوای کوشتنی بەغدادی و ئاشکراکردنی شوێنی ماڵەکەی کە دەکەوێتە پارێزگای ئدلیب، مستەفا بالی، بەرپرسی راگەیاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند: ئەبوبەکر بەغدادی لە ناوچەیەک کوژرا کە لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام داوا دەکات ئەو هێزانەی داعشیان تێکشکاند بۆ ٣٢ کیلۆمەتر لە سنورەکان بکشێتەوە.

مانشێتی میدیاکانی ئەمریکا:
هەریەکە لە واشنتۆن پۆست و نیۆرتایمز و چەندین میدیای دیکەی ئەمریکا بە روونی و بە گەورەی نوسیویانە، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە ناوچەیەک کوژرا کە لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سوریادایە "ئەو چەدارانەی تورکیا پشتگیریان دەکات".


رۆڵی هەواڵگری هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان چی بوو؟
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووتەوە، (سی ئای ئەی) و سەرچاوە هەوڵگرییەکانی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە وردی چاودێری بەغدادیان کردووە و پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەر رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە ئاگاداری شوێنی مانەوەی بەغدادی بوون، هاوکات، مەزڵوم کۆبانی رایگەیاند، ماوەی پێنج مانگە زانیاری هەواڵگری هاوبەشیان لەگەڵ ئەمریکا هەبووە.

هاوکات، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە میدیا ئەمریکییەکانی راگەیاندووە: "لە ناو خانووەکەی بەغدادی خەڵکمان هەبوو".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو؛ له‌كاتی ئۆپراسیۆنی كوشتنی به‌غدادیدا، ئه‌و كه‌سه‌ی زانیاری هه‌واڵگری له‌ماڵی به‌غدادییه‌وه‌ ده‌گواسته‌وه‌، توانراوه‌ به‌ سه‌لامه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌مركیه‌كه‌وه‌ ده‌رباز بكرێت.

هەرچی ئەمریکایە، سوپاسی رۆڵی کورد دەکات لە ئاشکراکردن و هەماهەنگیکردن لە ئۆپراسیۆنی کوشتنی بەغدادیدا، ئەمەش رۆڵ و بەهێزی پێگەی هەواڵگری رۆژئاوای کوردستان دەردەخات کە دەتوانن لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی میلیشیا و سوپای تورکیادا زانیاری وردی هەواڵگری کۆبکەنەوە.

تورکیا هەڵوێستی چۆنە؟
توركيا بەشێوەیکی گشتی نیگەرانە لە ڕۆڵپێدانی کورد بۆ کوشتنی بەغدادی و ئيبراهيم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكايەتى كۆمارى توركيا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی دڵخۆشە بە کوشتنی خەلیفەی چەکدارانی داعش، بەڵام نیگەرانە لەوەی لە ئۆپراسیۆنەکەدا ڕۆڵ بە کورد دراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "کارەکە گەورەیە، بەڵام دەبينين لە سووريا-دا هەوڵێك هەيە بۆ متمانەدان بۆ پێدانى پشكێك بە يەپەگە، دەبێت هەموو كەس زۆر وريا بێت بەرامبەر ئەمانە".

5546 جار خوێندراوەتەوە