ڤایرۆسی كۆرۆنا كەی و بەچی كۆتایی دێت؟

KNN : Kurdish News Network
09:09 - 29/02/2020
تەندروستی
+
-

كۆرۆنا ئەو ڤایرۆسەى جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، هێشتا ناوەندە تەندروستییەكان دەستەوەستانن لەئاستیدا و ڕەنگە بەر لە تاقیگە زانستییەكان كەش و هەوا ببێتە بەربەست و لەناوبەری ڤایرۆسەكە.

 

 ئەمە یەكەمجار  نییە كەش و هەوا فریای مرۆڤایەتی بكەوێت لە ڕوبەڕووبنەوەی ئەو ڤایرۆس و نەخۆشییە كوشندانەی زانستی پزیشكی نەیتوانییە بە خێرایی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە

ڕێژەی توشبوون و مردن بە كۆرۆنا تادێت لە هەڵكشانی زیاتردایە و جگە لە چین كە شوێنی سەرهەڵَدان و گەشەی ڤایرۆسەكەیە، لە زیاتر لە 25 وڵاتی دیكە حاڵەتەكانی توشبوون و مردن تۆمار كراون، بەهۆی مەترسیداری ڤایرۆسەكە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ پێنجەم جار لە مێژوویدا باری نائاسایی لە سەرتاسەری جیهان ڕاگەیاندووە و هۆشداری تایبەتی داوە بەو وڵاتانەی هەژارن و سیستمی تەندروستیان لاوازە.

 

ژمارەی توشبووان و قوربانیان كەمدەبنەوە

خانمە توێژەرێكی چینی كە ماوەیەكە سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینەوەیە لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرای دەكات، بە بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما كۆرۆنا چالاكی و تواناكانی لاواز دەبێت، بەوەش ژمارەی توشبووان و قوربانیان كەمدەبنەوە.

 

ئەو توێژەرە ناوی (تانگ چین)ە، لەناوەندی تەندروستی چینی كاردەكات و بە ڕۆژنامەی چینا تودەی ڕاگەیاندووە "تا پلەكانی گەرما بەرزتر ببنەوە ڤایرۆسەكە توانای كەمتر دەبێتەوە، ئەگەر پلەی گەرماش بگاتە 56 پلەی سەدی ئەوا ڤایرۆسەكە بە خێراییەكی زۆر چالاكی و تواناكەی لەدەست دەدات".

هەرچەندە بەشێوەیەكی گشتی هاوڵاتیانی جیهان حەز بە وەرزی هاوین ناكەن و بەردەوام بێزارن لە بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، بەڵام پێدەچێت بەهۆی  كۆرناوە ئەمساڵ ئەو هاوكێشەیە پێچەوانە بێتەوە، هەمووان زوتر حەز بە بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما بكەن، چونكە تانگ ئاماژەی بەوەش كردووە تا لە وەرزی گەرما نزیكتر بینەوە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە و ژمارەی قوربانیانی كەمتر دەبێتەوە.

 

كەش و هەوا كاریگەری لەسەر بڵاوبونەوە و كۆتایی هاتنی ڤایرۆسەکان هەیە

بەدرێژای مێژووی مرۆڤایەتی چەندین ڤایرۆس و نەخۆشی جیاواز بڵاوبونەتەوە كە ملیۆنان كەسیان كردۆتە قوربانی، لەوانە تاعون و كۆلیرا و چەند جۆرێكی جیاوازی ئەنفلۆنزا، كەش و هەوا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بڵاوبونەوە و كۆتایی هاتنی ئەو ڤایرۆس و نەخۆشیانە هەبووە.

 

كۆرۆنا لەو جۆرەیانە كە لە پلەی گەرمای بەرزدا ناژی، ئەمەش هاوشێوەی ئەنفلۆنزاكانی باڵندە و بەرازە، كە ئەوانیش مەترسیدارن و لە وەرزی سەرمادا گەشە دەكەن و گەرما ژینگەیەكی لەبارنییە بۆیان، بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە 250 بۆ 500 هەزار كەس بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكانی وەرزی سەرماوە دەمرن.

بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كۆرۆنا چەندین تیمی جیاواز لە تاقیگە و ناوەندە زانستی و تەندروستییەكانی جیهان سەرقاڵی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەن، توێژەرەێكی فەرەنسیش كە لەگەڵ تیمێكی پەیمانگای پاستۆر لە پاریس كار دەكات ڕایدەگەیەنێت "دروستكردنی چارەسەر و دەرمانێكی كاریگەر نزیكەی دوو ساڵ كاتی پێویستە.

 

كۆرۆنا لە قۆناغی سەرەتایە یاخود كۆتایى؟

لای خۆیەوە مایكڵ ڕاین بەڕێوبەری پرۆگرامی تەندروستی لەناكاو لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ، زۆر زووە باس لەوە بكەین  كۆرۆنا لە قۆناغی سەرەتا یاخود كۆتایدایە.

مەترسی ڤایرۆسەكە ئەوەیە كە بە هەوادا بڵاودەبێتەوە و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە، هەروەها بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ  لەسەر ئەو كەلوپەلانە دەمیێنێتەوە كە كەسی توشبوو بەكاریهێناون.

 

كەسانی توشبوو لەگەڵ ئەوەی دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشكییەوە پێویستە لە كۆمەڵگە دابڕێنرێن بۆ ئەوەی ڕێگری بركێَت لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە.

كۆرۆنا گرووپێكی فراوانی ڤایرۆسەكانە، ساڵی 1965 لە مرۆڤدا دەستنیشانكراوە. هۆكارەكانی تووشبوون جیاوازن، دەگوترێت لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت.

 

نیشانەكانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی پەتا وەرزییەكانە، وەك سەرئێشە، هەڵامەت، كۆكە، لەرز و تا، هەناسە توندی، ئازاری جەستە، لە هەندێ حاڵەتیشدا دەبێتە خۆی هەوكردنی سییەكان و بۆرییەكانی هەوا، بەوەش ئەگەری مردنی كەسی توشبوو زیاتر دەبێت.

 

نابێت دەست بۆ دەم و چاو و لوت ببرێت بەبێ دەست شتن

 بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە پزیشكانی پسپۆڕ ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكەن خۆیان بە دوور بگرن لە تەوقە كردن بەتایبەت لەگەڵ كەسانی توشبوو بە ئەنفلۆنزا‌و دەبێت دوای تەوقەكردن دەست بشۆردرێت‌، نابێت دەست ببرێت بۆ دەم و چاو و لوت بەبێ دەست شتن، هاوكات بەردەوام بەرلە دەست بردن بۆ ئەو ئەندامانەو خواردنی خۆراك، دەست بشۆردرێت.

 

هەروەها نە مانەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و داخراو، چونكە لەو شوێنانە ئەگەری بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە هەیە و بەهۆی پژمین‌ و كۆكە و هەناسەی كەسێكی توشبووەوە كەسانی دیكەش دەگوازرێتەوە، بۆ ئەوەش باشترە ماسكی تایبەتی پزیشكی بەكاربهێنرێت.

سەبارەت بەو كەسانەی نەخۆشییەكانی  كۆئەندامی هەناسە و ڕەبۆ و نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە زیاتر مەترسی توشبونی ڤایرۆسەكەو كاریگەریی خراپی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە، بۆیە دەبێت زیاتر ئاگاداری خۆیانبن.

18198 جار خوێندراوەتەوە