لاهور شێخ جەنگی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات

KNN : Kurdish News Network
02:24 - 19/03/2023
کوردستان
+
-

لاهو شێخ جەنگى و شاندێکى یاوەرى سەردانى بزوتنەوەى گۆرانیان کرد، دۆخى ناسەقامگیرى سلێمانى و هەڵبژاردن و ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان، گفتوگۆى لەبارەوەکرا.

هەواڵ: KNNC

ئەمرۆ یەکشەممە 19ی 3ی 2023، لاهور شێخ جەنگی بەهاورێیەتی هەڤاڵان پەروین کاکە ‌‌حەمە و ژینۆ محەمەد، لەشاری سلێمانی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و لەلایەن بەڕێزان عومەر سەید عەلی و جەمال ‌‌حاجی محەمەد و سەفین مەلا قەرە و بەختیار ئەولی پيشوازییان لێکرا.

لەو کۆبونەوەیەدا بە ووردی گفتوگۆکرا دەربارەی دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی و دۆخی سلێمانی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەتایبەتی و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان.

هەردوولا تەئکیدیان لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکان کردەووە لە پێناو دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان.

لەکۆبونەوەکەدا ئاماژە بەو دۆخە نەخوازراوە کرا کە بەسەر سلێمانیدا هێنراوە  و کاریگەری راستەوخۆی کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بازاڕ و بازرگان و کاسبکاران و خاوبوونەوە و راگرتنی پرۆژە خزمەتگووزارییەکان، لەوبارەیەوە هەردوولا هاورابوون کە دەبێت کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت و دامەزراوەکانی ‌‌حکومەت لە سلێمانی بخرينەوە خزمەت هاوڵاتیان.

لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە تەئکیدکرایەوە لە هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی زەمینەیەکی گونجاو لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەمساڵدا.

415 جار خوێندراوەتەوە