وەزارەتی بازرگانی رایدەگەیەنێت: بەهۆی
وەرزی بەبازاڕكردنی گەنمی ئەمساڵەوە دەركەوتوە كە لە ئامانجی بەدیهێنانی خۆبژێوی و
پشتبەستن بە بەروبومی نیشتمانی نزیك بوینەتەوە.
هەواڵ: (KNNC)
محەممەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی
بازرگانی عێراق رایگەیاند: لەڕێگەی ئەو بڕە گەنمەی کە لەلایەن جوتیارانەوە دەخرێتە
بازاڕەوە، دەردەكەوێت كە وەرزی بەبازاڕکردنی بەروبومی گەنم و دانەوێڵە لەساڵی (2024)ـدا
لە ئامانجی بەدیهێنانی خۆبژێوی و پشتبەستن بە بەرهەمی نیشتمانی نزیك بوینەتەوە.
وتیشی: لە پارێزگاکانی موسڵ، کەرکوک و
دیالە لەگەڵ بەشێكی دیكە لە پارێزگاکانی دیكەی عێراق کارەکانی وەرگرتنەوەی گەنم و
دانەوێڵە لە جوتیاران بەشێوەیەكی بەرفراوان بەردەوامە، بەڵام لە پارێزگاکانی ناوەڕاست
و باشور وەرگرتنی گەنم بەرەو كۆتایی دەڕوات.
ئاماژەی بەوەکردوە، بۆ رێگری كردن لە
هاوردەكرن و فرۆشتنەوەی گەنم بە نرخی بەروبومی ناوخۆیی، لەلایەن ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە
کۆمەڵێک رێکاری ئەمنی گیراوەتەبەر، هەروەها لەلایەن بەشی کۆنترۆڵی وەزارەتی بازرگانییەوە
پشكنین بۆ ئەو گەنمە دەكەن كە لە جوتیاران وەردەگیرێتەوە كە مێژوی كۆگاكردنەكەی
دیاریدەكات، لەحاڵەتی هەبونی گومان دەست بەسەر گەنمەكەدا دەگیرێت.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق،
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، سەرکەوتنی پڕۆسەی بەبازاڕکردن و وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیاران
بێجگە لەوەی ئاسانكاری كردنە بۆ جوتیاران و هاوكاریكردنیانە لە بەردەوامبون لەسەر
كشتوكاڵكردن، هاوكات یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری
گەنم و بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆراك كە ئەمەش ئەولەویەتێکی ستراتیژی كاركردنی
وەزاەرتەكەیە.
ڕۆژی هەینی (26ی نیسانی 2024) وەزارەتی
بازرگانی رایگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە (270) هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران
وەرگیراوەتەوە و بڕیاریش وایە بڕی ئەو گەنمەی ئەمساڵ لە جوتیارانی دەكڕێتەوە بگاتە
حەوت ملیۆن تۆن.
135 جار خوێندراوەتەوە