د. بڕیار ڕەشید: موچەی فەرمانبەران لە خەرجی فعلی دەرهێنرا

KNN : Kurdish News Network
06:15 - 03/06/2024
عێراق
+
-

پەرلەمانی عێراق خشتەكانی بودجەی ساڵی (2024)ـی پەسەندكرد و ئەندامێكی ئەنجومەنیش بە (KNN)ـی راگەیاند: موچەی موچەخۆرانی هەرێم خرایە سەر خشتەی بودجە و لە خەرجی فعلی دەرهێنرا.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ دوشەممە، بەئامادەبونی (199) ئەندام، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەكانی بودجەی ساڵی (2024) پەسەندكرد كە بڕەكەی (211) ترلیۆن دینارە و كورتهێنانیشی (63) ترلیۆن دینارە، هەروەها پشكی هەرێمی كوردستان بە (20.9) تریلیۆن دینار دیاریكراوە.

لای خۆشیەوە، د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای (كەی ئێن ئێن)ـی راگەیاند: موچەی فەرمانبەران لە خەرجی فعلی دەرهێنرا و تەواوی بودجەكە پەسەندكرا و كۆبونەوە تایبەتەكە هەڵگیرا.

 

دواتریش، راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویكردەوە، پشت بەستن بەبڕگەکانی مادەی (59)ـی دەستور و مادەی (77) لە یاسای بودجەی گشتی ژمارە (13)ـی ساڵی (2023) ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگ بەخشتە هەموارکراوەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە (13)ی ساڵی (2024) و هاوپێچەکانی دراوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، خشتەکانی خەمڵاندنەکان بۆ كورتهێنان لە بودجەی گشتی بۆ ساڵی (2024) و هاوپێچەکانی پەسەندکران.

 

راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، دەسەڵاتی گواستنەوە بەبڕی دو ترلیۆن دینار لە بودجەی وەبەرهێنان بۆ وەزارەتەکان بە ئەنجومەنی وەزیران درا، ئەوەش بە مەبەستی گەشەپێدانی پارێزگاکان کە بەپێی رێژەی دانیشتوان و رێژەی هەژاری تیایدا دابەشدەكرێت.

310 جار خوێندراوەتەوە