گەڕێكی دیكەی دانوستان بەڕێوەدەچێت... كۆتایی بە كێشەی غەززە دەهێنێت؟

KNN : Kurdish News Network
07:01 - 06/07/2024
جیهان
+
-

بۆ گفتوگۆكردن لەسەر راگرتنی جەنگ و ئازادكردنی دیلەكان، هەفتەی داهاتو گەڕێكی دیكەی دانوستان لەنێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچێت.


هەواڵ: (KNNC)


ماڵپەڕی حوڕە ئاشكرایكرد؛ دوای چەندینجار لە هەوڵدان بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە عەززە، بڕیار وایە هەفتەی داهاتو گەڕێكی دیكەی دانوستان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەبچێت و گفتوگۆ لەسەر راگرتنی جەنگ و ئازادكردنی دیلەكان بكەن.


شارەزایان و شرۆڤەکاران قسەیان بۆ ماڵپەڕی حوڕە کردوە، وتویانە، رەنگە بەڕێوەچونی ئەمجارەی دانوستانەکان دەرفەتێکی راستەقینەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەكە، بەڵام رێككەوتن لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل  پەیوەستە بە کۆدەنگی و گەیشتن بە خاڵێكی هاوبەش بۆ كۆتایی هێنان بە ئەو دۆخەی كەرتی غەززەی تێكەوتوە.

ماڵپەڕی حوڕە ئەوەی ئاشكرا كردوە، لەسەر پێشنیارەكانی كۆتایی هێنان بە جەنگ و ئازادكردنی دیلەكان، دوێنێ هەینی، دەیڤید بارنیا، سەرۆکی موسادی ئیسرائیل، لە دۆحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ وتوێژی ئەنجامداوە.


دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكەی سەرۆكی موساد لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتوە: هێشتا کەلێن لە نێوان هەردولادا هەیە و بۆ گەشیتن بەرێككەوتن پێویستمان بە گفتوگۆی زیاترە.


پێشتریش، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی رایگەیاندبو، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگر بەست لە كەرتی غەززە، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا فشاری خستوەتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و پێی راگەیاندوە: "ئێستا كاتی ئازادكردنی دیلەكان هاتوە".

217 جار خوێندراوەتەوە