حکومەتی بەریتانیا: 87 هەزار دۆسیەی کۆچبەرانمان لایە و 137 هەزاریش داوای تێهەڵچونەوەیان کردوە

KNN : Kurdish News Network
02:52 - 05/10/2024
جیهان
+
-

بەریتانیا بڕیاری دا، بۆ ماوەیەکی دیکەش ئەو کۆچبەرانەی لە هۆتێلەکاندا دەمێننەوە، داڵدە بدات، تا یەكلایکردنەوەی دۆسییەکانیان، ئەڵمانیش بۆ چۆڵكردنی کڵێساکان، دەستی بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران کردوە.

هەواڵ:KNNC

 

حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند: بڕیاریان داوە تا یەكلایکردنەوەی دۆسییەى ئەو کۆچبەرانەی لەنێو هۆتێلەکاندا دەمێننەوە، بۆ ماوەیەکی دیکەش داڵدەیان بدات بەهۆی کەڵەکەبونی دۆسێیەکانییان لەنێو وەزارەتی ناوخۆ، کە بەگوێرەی ئامارەکان، 30 هەزار کۆچبەر لە 250 هۆتێل لەبەریتانیا دەژین و خەرجیی ڕۆژانەشیان 4.2 ملیۆن پاوەندە لەسەر حکومەت.

 

وەزارەتی ناوخۆی بەرتیانیا دەڵێت: زیاتر لە 87 هەزار دۆسێی کۆچبەرانی لەلا کەڵەکە بوە و بە نیازن لە  12 بۆ 18 مانگدا یەکلاییان بکەنەوە، ئەوە جگە لەوەی زیاتر لە 137 هەزار دۆسێشی لەلایە کە داوای تێهەڵچونەوەیان کردوە.

میدیا ئەڵمانییەکان بڵاویان کردەوە: لەم هەفتەیەدا حکومەتی ئەڵمانیا کۆچبەرێكی 29 ساڵانی داڵدەدراوی لەنێو کەنیسەیەك دیپۆرتی سوید کردوەتە ئەوەش دوای ئەوەی داوای پەنابەرێتییەکەی ڕەت کراوەتەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی شەقام و بەشێک و کەنیسەکانی وڵاتەکەى لێ کەوتوەتەوە.

هاوکات، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، 17 وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا داوایان لە کۆمسیۆنی ئەوروپا کردوە رێکارەکانی پەیوەست بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکانی خۆیان چڕتر بکاتەوە.

79 جار خوێندراوەتەوە