ژوری رەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان: پیلانگێڕییەکی گەورە و مەترسیدار لەسەر قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:47 - 28/07/2024
کوردستان
+
-

ژوری رەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداریی دەدات لە پیلانگێڕییەکی گەورە و مەترسیدار لەسەر قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: بە هەمو شێوەیەک ئیدانەی لەشکرکێشیەکانی تورکیا و شەڕ و بۆردومانکردنی ھەرێمی کوردستان دەکەین.

هەواڵ:KNNC

ژوری رەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئێمە لە ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیاسپۆرا، ئیدانەی لەشکرکێشیەکانی تورکیا و شەڕ و بۆردومانکردنی ھەرێمی کوردستان دەکەین، وە بە ئەرکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین بێ دەنگ نەبین ودوپاتی دەکاتەوە کە بێدەنگ نەبونیشمان پەیوەندی بە پیلانگێڕییەکی گەورە و مەترسیدار هەیە لەسەر قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان، لەبەرامبەریشدا، حزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم به بێدەنگی و بێ ھەڵوێستیان لە مەڕ لەشکرکێشی و پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی تورک، دەبنە هاوکاری ئەو پیلانگێڕییە فروانخوازییە.

ژوری رەوەندی کوردی داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکات کە پێکەوە ھەڵوێستی جدی بنوێنن و لەمە بە دوا ڕێگە نەدەن فەزای خیانەتکاری و داردەستی بۆ دوژمنانمان فراوان و دەستکراوە بێت.


ڕاگەیەندراوی ژوری ڕەوەندی کوردیی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

ئێمە لە ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیاسپۆرا، پرۆتێستی لەشکرکێشیەکانی تورکیا و شەڕ و بۆردومانکردنی ھەرێمی کوردستان دەکەین، وە بە ئەرکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین بێ دەنگ نەبین .


بێدەنگ نەبونیشمان پەیوەندی بە پیلانگێڕییەکی گەورە و مەترسیدار هەیە لەسەر قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان، لەبەرامبەریشدا، حزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم به بێدەنگی و بێ ھەڵوێستیان لە مەڕ لەشکرکێشی و پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی تورک، دەبنە هاوکاری ئەو پیلانگێڕییە فروانخوازییە، ‎هاوکات لاوازی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم مایەی ڕەخنەیە، کە نەیتوانی لەبەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدا بێتە دەنگ و ڕێگای بۆ هاتنی جێگیربوونی هێزی عێراق کردەوە، چۆن داگیرکاری و سنوربەزاندنەکانی تورکیا قبوڵ دەکات بە درێژای (٤٠ ) کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێم؟ چۆن شوێنی خۆی چۆڵ دەکات بۆ سوپای تورکیا؟ چۆن سەنگەری تورکی دەپارێزێت لە ناو خاکی خۆیدا؟


لەو سۆنگەیەوە، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین، پێکەوە ھەڵوێستی جدیمان ھەبێ و با لەمە بە دوا ڕێگە نەدەین فەزای خیانەتکاری و داردەستی بۆ دوژمنانمان فراوان و دەستکراوە بێت، ‎چونکە یەکێک لە ئەگەرە مەترسیدارەکان هێرشی تورکیا دەبێتە مایەی سەرلەنوێ بوژانەوەی داعش و زیندوبونەوەی گەرای تیرۆر و مەترسی زیاتر لەسەر ئاسایش و ئارامی هاونیشتمانیان، لەو ڕاستیەوە نیگه‌رانى خۆمان نیشانده‌ده‌ین له‌وه‌ى به‌رپرسى هه‌واڵگرى توركیا دێته‌ عێراق‌و سه‌ردانى لایه‌نه‌كان ده‌كات‌ و بڕیار له‌چاره‌نوسى عێراق ده‌دات و هێز و  لایەنسیاسیەکان بێدەنگن، هەربۆیە هەر  ھێز و لایەنێکی عێراقی کوردی لە باشور ئاسانکاری و ھاوکاری ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا بکات، دەچێتە چوارچێوەی خیانەت و مێژو لەبیری ناکات. ئێمە تەواوی ئۆرگانەکانمان ڕادەسپێرین تەواوی دەستدرێژو تاوانەکانی داگیرکەران بەگشتی و دەوڵەتی تورکیا بەتایبەتی بگەیەنین بەسەرجەم دامودەزگا حکومی و نیودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

ژوری ڕەوەندی کوردی
28/07/2024

731 جار خوێندراوەتەوە