بنەماڵەى رائیدا هاوژین عەبدوڵا،
سوپاسنامەیەکیان بۆ بەدەمەوەهاتنى هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان بۆ کۆچى دوایی
کوڕەکەیان بڵاوکردەوە و رونیشیدەکەنەوە کە رائیدا هاوژین کێشەى لەگەڵ هیچ کەس و
لایەنێکدا نەبوە و هەمیشە لەو بەرپرسیارێتیانەى لە ئەستۆیدا بوە بێ جیاوازى لە
خزمەتى هاوڵاتییاندا بوە.
دەقى سوپاسنامە و رونکردنەوەکەى بنەماڵەى رائید
هاوژین:
بەناوی خانەوادەی رائید هاوژین عەبدوڵا
سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی تەواوی خزمان و دۆستان و هاوڕێیان و سەرجەم کەسایەتی
و ئەو لایەنانە دەکەین کە هەر لە سەرەتای کۆچی ناوەختەی جوانەمەرگ رائید (هاوژین عەبدوڵا)ەوە
بەشداربون لەگەڵمان لە ڕێوڕەسمی بەخاکساردن و بەشداریکردن لە پرسەکەیدا.
جوانەمەرگ هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک
نەبوە،خەمباری تەواوی هاوڵاتیان و چین و توێژەکان بۆ ئەم کۆستە گەورەیە سەلمێنەری
ئەو ڕاستییەیە کە ناوبراو لەماوەی خزمەتیدا وەکو ئەفسەرێکی نەبەرد و لەو بەرپرسیارێتییە
گەورانەی پێی دراوە و هەمیشە بێ جیاوازی لە خزمەتی تەواوی هاوڵاتیاندا بوە و هەمو
کارەکانی لە خزمەتی چاکەی گشتیدا بوە.
ئەوە جگە لەوەی لە هەمو خۆشی و ناخۆشییەک و بۆنەکاندا
بەدەم خەڵکەوە بوە. هاوکات هیچ رۆژێک ئەرکێکی بچوکی نەخستوەتە سەر هیچ کەسێک و هەمیشە
رائید هاوژینی جەوازات ئەو کەسبوە کە لای دۆست و بێگانە شانازییەوە باسکراوە و باس
دەکرێت.
سوپاسی تایبەت و بێ پایانی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی
پارێزگای سلێمانی دەکەین بە تەواوی کارمەند و ئەفسەرانییەوە کە رۆڵێکی کارایان هەبو
لە مەراسیمی پرسەی جوانەمەرگدا.
بەشداری خزم و کەس و دۆست و هاوڕێیان و کەسایەتی
و بەرپرسە حکومی و حیزبییەکان لەم کاتە قورس و نا هەموارەدا، خەمی ئێمەی ڕەواندەوە،
واتان لێ کردین ھەست بە ئارامی بکەین.
خودای گەورە رۆحی کۆچکردو شاد بکات و جێگەی بەهەشتی
نەبڕاوە بێت.
13/11/2024
بنەماڵەی کۆچکردو
عەبدوڵا ئەحمەد رەسوڵ ژاژڵەیی
1921 جار خوێندراوەتەوە