رەمک رەمەزان: هەر 39 خاوەن موەلیدە سەرپێچیکارەکە دەستگیر کراون و بەردەوامیش بن شوێنەکانیان لێوەردەگرینەوە

KNN : Kurdish News Network
12:34 - 13/11/2024
کوردستان
+
-

قائیمقامى قەزاى چەمچەماڵ رایگەیاند؛ تەواوى ئەو خاوەن موەلیدانەى سەرپێچیان لە بڕیارەکان کرد و ئامادەى هەڵکردنى موەلیدەکانیان نین دەستگیر کراون و دەبێت یاسا کێشەکە یەکلایی بکاتەوە؛  جەختیشى کردەوە ئەگەر لە داهاتودا بەردەوام بن لە ناڕەزایەتیی و سەرپێچى، شوێنەکانیان لێوەردەگیرێتەوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

رەمک رەمەزان، قائیمقامى قەزاى چەمچەماڵ بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاند: بەهۆى گۆڕانى وەرزەوە خشتەى پێدانى کارەباى نیشتیمانى گۆڕاوە و کەم بوەتەوە بەهۆیەوە بۆشایی لە پێدانى کارەبا دروستبوە و پێویستە خاوەن موەلیدەکان ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە.

 

وتى: "بەشێک لە خاوەن موەلیدەکان ناڕازین لەو بڕیارە، بەڵام ئەوەى دەبێت پلان و بەرنامە دابنێت ئێمەین نەک خاوەن موەلیدەکان پلان و بەرنامەمان بۆ دابنێن".

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە بەهۆى سەرپێچى ئەو خاوەن موەلیدانە و پێنەدانى کارەبا بە هاوڵاتییان گلەیی هاوڵاتییان دروستبو و ئێمەش سکاڵاى یاساییمان لەسەر تۆمار کردن و چاوەڕێین دادگا بڕیار بدات و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات.

 

جەختیشیکردەوە کە لە ئێستادا لەسەر سکاڵاى ئەوان و بە بڕیارى دادوەر و بە هاوکاریی هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس سەرجەم خاوەن موەلیدەکان کە ژمارەیان 39 کەسە دەستگیر کراون و هەر خاوەن موەلیدەیەک بەردەوام بێت و سەرپێچى بکات شوێنەکەى لێوەردەگیرێتەوە و دەدرێتە  هەر هاوڵاتییەک کە بیەوێت موەلیدە دابنێت.

188 جار خوێندراوەتەوە