ئامانجى سەردانەکەى سودانى بۆ هەرێمى کوردستان چییە... چی وەردەگرێت و چی دەبەخشێت؟

KNN : Kurdish News Network
11:02 - 13/11/2024
کوردستان
+
-

محەمەد شیاع سودانى بەیانى ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر نیشتەوە و کۆبونەوەکانى لەگەڵ حکومەتى هەرێم دەستپێکرد، ئامانجى هاتنەکەى دوو لایەنەیە، هەم دەیەوێت دڵنیاببێتەوە لە پشتگیرى هەرێمى کوردستان بۆخۆى و هەم کۆمەڵێک پرسى هەڵپەسێردراو یەکلایی دەکاتەوە تایبەت بە پرسى موچەش هەرێمى کوردستان داواکاریی لێی هەیە.

 

هەواڵ:KNNC

 

پەیامنێرى کەى ئێن ئێن، وردەکاریی هاتنى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراقى بۆ هەرێمى کوردستان خستەڕو، رایگەیاند؛ ئەمرۆ سەرۆک وەزیرانى عێراق لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسییەکانى هەولێر و سلێمانى کۆدەبێتەوە و چەند پرسێکیان لەگەڵ تاوتوێ دەکات.

 

وتى:بەشێک لە سەردانەکەى بۆ زامنکردنى چوار ساڵى ئایندەى خۆیەتى کە بە لیستێک بەشدارى لە هەڵبژاردنى 25/5/2025 دەکات دەیەوێت زامنى پشتگیرى دو هێزى سیاسى وەک پارتى و یەکێتى بکات و بۆ ئەمەش چەند هەنگاوێکى بۆ پشتگیرى هەرێمى کوردستان ناوە.

 

وتى: سودانى بۆ زامنى مانەوەى خۆى و وەرگرتنى رەزامەندى هەرێم، دوێنێ تەواوى داواکارییەکانى کوردى بۆ پرسى سەرژمێرى جێبەجێ کرد بەتایبەت گەڕانەوە بۆ سەرژمێرى 1957ـى کەرکوک و هەندێک وردەکاریی دیکە و ئەویش دەیەوێت لەوڕێیەوە بەربەست بۆ سەرژمێرى دروست نەکرێت.

 

وتیشى: بەشێکى دیکە لە هاوکارییەکانى سودانى بۆ هەرێم فشارکردنى بو بۆ بەرزکردنەوەى نرخى نەوت لە 6 بۆ 16 دۆلار و ئەمڕۆش دەیەوێت لەگەڵ هەرێمیش لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردە یەکلایی بکاتەوە.

 

بەشێکى دیکەى سەردانەکەى سودانى تایبەتە بە پرسى بەبانکیکردنى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، چوار خاڵ لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد هەیە تا سەرى ساڵى نوێ جێبەجێ نەکرابێت ناردنى موچە بەردەوام نابێت و سودانى دەیەوێت لەئێستاوە بەربەستەکان لاببات، چونکە سلێمانى تەوتینى دەوێت و هەولێریش هەژمارى من.

 

هەر لە کۆبونەوەکەدا چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان جارێکى دیکە جەخت لەسەر بڕیارى دادگاى فیدراڵى تایبەت بە موچە بکاتەوە، باسى ئەو لیستەى موچە لەگەڵ  سودانى دەکەن کە ئاڕاستەى عێراقیان کردوە کە 11 رۆژە لە بەغدادە بە هەمو داخوازییەکانەوە، بەڵام هیچ رونکردنەوەیەک نەدراوەتە هەرێم کە بۆچى دابەشى ناکەن، بۆیە داوا دەکەن هاوشێوەى مانگى حەوت سودانى ئەمڕۆش بڕیار لەسەر خەرجکردنى موچەى مانگى 10 بدات.

 

سلێمانى/ بڕیار نامیق

1410 جار خوێندراوەتەوە