نەوتی عێراق: بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك رێككەوتنمان كردوە

KNN : Kurdish News Network
08:17 - 24/08/2024
عێراق
+
-

بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت: بەمەبەستی پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت و گاز لە پارێزگاكان، وەزارەتەكەی (10) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان واژۆ كردوە، ئاشكراشیكردوە؛ تا ساڵی (2028) عێراق دەگات بەئاستی دابینكردنی گازی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا.

هەواڵ: (KNNC)


عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندوە: بۆ پەرەپێدان لە كێڵگە نەوتییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، وەزارەتەكەی لەگەڵ (10) كۆمپانیای نێودەوڵەتی گرێبەستی واژۆكردوە كە كار لە (13) كێڵگەی نەوتی لە پارێزگاكاندا بكەن.


وتیشی: بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی هاوردەكردن، وەزارەتەكەی كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازدا دەكات، لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە لە وڵاتانی دراوسێوە گازی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا هاوردە كردوە، بەوەش بڕە پارەیەكی زۆری بەهەدەر چوە.


بەرپرسەكە ئەوەشی رونكردەوە، لە ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكاندا كراوە، عێراق ئاسانكاری زۆری پێشكەش كردون بۆئەوەی بتوانن لەگەڵ دەرهێنانی نەوت، وەبەرهێنان لە كێڵگە گازییەكانیشدا بكەن، كە ئەوەش لەپێناوی بەدەستهێنانی بڕێكی زیاتری گازە بۆ ئەوەی رێژەی هاوردەكردن كەم بكرێتەوە.


وتەبێژەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ گەیشتن بە ئاستی دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی لە گاز، حكومەت كاتێكی زیاتری پێویستە كە پێدەچێت تا كۆتایی ساڵی (2028) بتوانرێت ئەو ئاستە لە بەرهەمهێنانی گاز بەدەستبهێنرێت و بەتەواوی  سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابینبكرێت.

158 جار خوێندراوەتەوە